قاچاخچیی رزگاركردنى كچانی ئێزیدی له‌ناو داعشدا په‌یدا بووه
"له‌یلا" كچێكى ئێزیدییه و هاوسه‌ری پیاوێكى ئێزیدی بوو، هه‌زاران ئاواتی بۆ ژیان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ناكاو هه‌وره ره‌شه‌كانى داعش به‌سه‌ریدا دان و له‌یلاى له هاوسه‌ر و ئاواته‌كانی جیا كرده‌وه.
ئه‌و كه تازه‌ترین رزگاركراوی كچه ئێزیدییهكانه كه له 2014دا تیرۆریستان ده‌ستیان به‌سه‌ریاندا گرتن، چه‌ند رۆژێكه له سووریاوه گه‌یشتووه‌ته‌وه دهۆك، به‌گوته‌ی خۆی "له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه هه‌شت جار كڕین و فرۆشتنى پێ كراوه". دواجار له رێى قاچاخچییه‌كانه‌وه له ده‌ست داعش رزگار ده‌كرێت و ئێسته له دهۆكه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له چیرۆكه ناخۆشه‌كانی ژیان له‌و چوار ساڵه‌دا ده‌كات.
له‌یلا كێیه؟
من له‌یلا ته‌علۆ قائیدى، له خێزانێكى ئێزیدی ساڵى 1987 له شارۆكه‌ى شنگال له دایك بووم، هاوسه‌رگیرم له‌گه‌ڵ كوڕێكى ئێزیدی كرد و ئێسته دوو منداڵم هه‌یه، نزیكه‌ى پێنج ساڵ كه‌وتمه ده‌ست چه‌كدارانى داعش و سوپاس بۆ خوا چه‌ند رۆژێكه رزگار بوومه.
چۆن كه‌وتیته ده‌ست داعش؟
به‌یانى رۆژى سێى ئابى 2014 ئێمه له ماڵه‌وه دانیشتبووین، له‌ناكاو تیرۆریستانى داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌ریدا گرت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئێمه پێشوه‌خت ئاگادارى هاتنى ئه‌وان بین، كاتێك زانیمان داعش نزیكى شنگال بوون، یه‌كسه‌ر رامان كرد به‌ره‌و چیای شنگال، به‌ڵام به‌داخه‌وه پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ینه چیا، پێمان گه‌یشتن و هه‌موومان گیراین.
دوای گرتنه‌كه‌تان چی رووی دا؟
كاتێك چه‌كدارانى داعش ئێمه‌یان گرت، هه‌موومانیان سواری ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگر كرد و بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ره‌گه‌زنامه و كاروبارى كه‌سایه‌تى شنگال گواستراینه‌وه، دواتر به‌ره‌و ناوچه‌ى به‌عاج بردینیان و بۆ چه‌ند رۆژێك له‌وێ ماینه‌وه، پاشان منداڵ و كچ و ژن له پیاو جیا كرانه‌وه و بۆ ته‌له‌عفه‌ر گواستراینه‌وه، له‌وێشه‌وه بۆ گرتووخانه‌ی بادوش له نزیك مووسڵ، دواى ماوه‌یه‌كى زۆر جارێكى تر گواستراینه‌وه ته‌له‌عفه‌ر و له‌وێوه یه‌كسه‌ر بۆ پارێزگاى ره‌قه‌ى سووریا.
پێش ئه‌وه‌ى بگوازرێنه‌وه بۆ ره‌قه، چی‌یان له ئێوه كرد؟
كاتێك له نێوان ناوچه‌كانى بادوش و ته‌له‌عفه‌ر و مووسڵ بووین، هه‌ر خه‌ریكى ئیشوكار و خزمه‌تكردنى داعشه‌كان بووین و مه‌ڕوماڵاتى ئه‌وانمان به‌خێو ده‌كرد و وه‌ك خزمه‌تكار رۆڵمان ده‌بینی، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن چه‌كدارانى داعش و سه‌رانى ئه‌وانه‌وه دهچهوسێنراینهوه و نه‌مانده‌توانى ته‌نانه‌ت هیچ قسه‌یه‌كیش بكه‌ین نه‌كا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بكوژرێین.
به‌پێی زانیاریی تۆ، ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵت بوون ئێسته چاره‌نووسیان به‌كوێ گه‌یشتووه؟
له خێزانه‌كه‌ی خۆماندا 19 كه‌س كه‌وتینه ده‌ست داعش، له‌وانه دوو منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌م و چه‌ند خوشك و برا و كهسوكارێكم، به هه‌وڵ و كۆششى برا و هه‌ندێ كه‌سوكار و نووسینگه‌ى رزگاركردنى ئێزیدی و هه‌ندێ كه‌سى تر، 11 كه‌سمان رزگار بووینه، به‌ڵام تا ئێسته چاره‌نووسى هه‌ست كه‌سى خێزانه‌كه‌م نادیاره كه هاوسه‌ره‌كه‌م یه‌كێك له‌وانه.
له‌و ماوه‌یه‌ى كه‌وتیته ده‌ست داعش، چی‌یان به‌سه‌ر هێنای؟
نزیكه‌ى پێنج ساڵ له ده‌ست چه‌كدارانى داعش بووم، له یه‌كه‌م رۆژه‌وه تا ئه‌و رۆژه‌ى رزگار بووم، هه‌میشه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئازار و ناخۆشى و نه‌هامه‌تیم ده‌بینی، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌شت جار كڕین و فروشتنم پێوه كراوه، له رووى ده‌روونى و جه‌سته‌ییه‌وه زۆر ئازارم بینیوه، منداڵه‌كانم تووشى كێشه‌ى ده‌روونى و جه‌سته‌یى زۆر بوون، هه‌روه‌ها به زۆر بیروباوه‌ڕى خۆیان به‌سه‌ر من و منداڵه‌كانم ده‌سه‌پاند و هه‌میشه ده‌یانگوت تۆ و منداڵه‌كانت كافرن، هه‌روه‌ها چه‌ندان ناخۆشى و ئازار و ده‌ستدرێژیى ترم كراوه‌ته سه‌ر. ده‌توانم بڵێم ژیان له‌ناو داعش دۆزه‌خێكى به‌چاو بینراوه و كه‌س ناتوانێ ئازاره‌كان وه‌ك خۆى و كاتی روودانی بگێڕێته‌وه.
دواین جار كه‌ى بوو كه هاوسه‌ره‌كه‌ت بینی؟
هه‌رچه‌نده هه‌ر له سه‌ره‌تای گرتنمانهوه داعش منیان له هاوسه‌ره‌كه‌م جیا كرده‌وه، به‌ڵام جار به‌جار لێره و له‌وێ یه‌كترمان بینیوه، له سه‌ره‌تاى مانگى ئایار/مایۆی 2016 بینیم و له‌وه به‌دواوه و تا ئێسته نه‌مبینیوه‌ته‌وه.
ئه‌ی چۆن له ده‌ست داعش رزگار بووى؟
دواى ئه‌وه‌ی داعش ئه‌و هێزه‌ى سه‌ره‌تاى نه‌ما و كه‌مێك لاواز بوون، هه‌ر خه‌ریكى خۆشاردنه‌وه و شوێنگۆڕین ده‌بوون، هه‌روه‌ها دواى ده‌ركه‌وتنى چه‌ند كه‌سێك له‌ناو چه‌كدارانى داعش به‌ناوى قاچاخچى كه خه‌ڵكى سووریا و ده‌وروبه‌رین، له رێى هاوڕێیه‌كمه‌وه پێوه‌ندیم به یه‌كێك له‌و قاچاخچییانه كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێوه‌ندى به خێزانم بكات و له دۆخی من ئاگاداریان بكاته‌وه، له‌و رێیه‌وه توانیم له‌گه‌ڵ براكه‌م قسه بكه‌م، سوپاس بۆ خوا كه‌سوكار و براكه‌م توانییان به 25 هه‌زار و 500 دۆلار من و هه‌ردوو منداڵه‌كانم رزگار بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى داعش پێمان بزانن، واته ئێسته‌یش داعشه‌كان ئاگادارى ئه‌وه نین كه من هه‌ڵاتووم.
تۆ بۆ خه‌ڵاتى "دایكه ترێزا" له ناو ژماره‌یه‌كى زۆرى ژنانی ئێزیدی هاتیته هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه چۆن بوو؟
چونكه هه‌ر لهوكاتهوهى ئازاد بووم و تا ئێسته، هه‌وڵم ده‌ده‌م چیرۆكى خۆم و هاوڕێكانم و ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ى به ده‌ستی داعش چه‌شتمان به دنیا بگه‌یه‌نم، بۆیه پێشوازی له هه‌موو ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ده‌كه‌م تا راستیی خۆمان بڵاو بكه‌ینه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا برایه‌كم چیرۆكى ناخۆشى ژیانی منی نووسى و بۆ سێ زمان وه‌ریگێڕا, واته چیرۆكى من ناسراوه، له‌به‌رئه‌وه بۆ ئه‌و خه‌ڵاته ده‌ستنیشان كرام.
ئێسته هه‌ستت چۆنه؟
له‌لایه‌ن خه‌ڵكى كوردستان زۆر رێزم ده‌گیرێ، خۆم باوه‌ڕم نه‌بوو رۆژێك دێت ئاوا دڵخۆش بم و رێزم هه‌بێت, ئێسته شانازى به خۆمه‌وه ده‌كه‌م، ئه‌م خه‌ڵاته‌ش بۆ خۆم و كوردانى ئێزیدی گرنگى زۆره، تا هه‌موو دنیا بزانێت چى به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان هاتووه، بۆیه له به‌دواداچوونى كێشه‌كه‌مان به‌رده‌وام ده‌بین و بێده‌نگ نابین تا نامه‌ى نه‌هامه‌تى خۆمان ده‌گه‌یه‌نین به دنیا.
ئێسته ته‌ندروستى تۆ و منداڵه‌كانت چۆنه و له كوێ ده‌ژین؟
سوپاس بۆ خوا ئێمه له ده‌ست تیرۆریستانى داعش رزگار بووین و ته‌ندروستیمان باشه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مێك ئارام بین و هێزى جارانمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه، پێویستمان به كاتێكى زۆره، چونكه له رووى ده‌روونى و جه‌سته‌ییه‌وه ئازارى زۆرمان بینیوه.
ئێسته دڵخۆشم كه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو منداڵه‌كه‌م له‌ناو یه‌كێك له خێوهتهكانى كومه‌ڵگه‌ى شاریا ده‌ژین، داواكارم ئه‌وه‌یه لایه‌نى پێوه‌ندار و خێرخوازان به‌زووترین كات كچ و ژن و منداڵانى ئێزیدی كه له ده‌ست تیرۆریستانى داعش ماون، رزگار بكه‌ن. به‌ڵام به‌گشتی ژیانى رزگاركراوانى ده‌ستى داعش باش نییه و زۆر كهموكوریمان هه‌یه، له خێوه‌تدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین، به‌ڕاستى شایانى ئه‌مه نین, به‌ڵكو شایانى ژیانێكى خۆشین دواى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ى به‌چاوى خۆمان بینیمان و زۆربه‌ى ئه‌و كچ و ژنانه‌ى كه‌وتوونه‌ته ده‌ستى داعش، له بارێكى ده‌روونیى ناخۆشدا ده‌ژین، بۆیه پێویسته به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكارى بكرێن تا بگه‌ڕێنه‌وه ژیانى ئاسایی خۆیان.
وشه/ دیمانه- نه‌وزاد هۆرى و دێژین سدقی