یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی توانی لە ركابەرییەكانیدا یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ببەزێنێ و گرێبەستی فرینكی دی یۆنگ ئەستێرەی لاوی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی بەدەستبێنێ.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یانەی مانچستەر سیتی توانی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئەیاكس رێك بكەوێ و بە بەهای 61 ملیۆن پاوەن گرێبەست لەگەڵ دی یۆنگ بكات.
گرێبەستەكەی یانەی مانچستەر سیتی لەگەڵ دی یۆنگ لەسەر داوای راستەوخۆی پێپ گواردیۆلای راهێنەر بووە بۆ جێگرتنەوەی یاریزانی ناوەڕاستی بەڕازیلی فێرناندینیۆ.
ئەمە لە كاتێكدابوو كە یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكی درێژبوو خەریكی رازیكردنی بەرپرسانی یانەی ئەیاكس بوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دی یۆنگی تەمەن 21 ساڵ و هاوینی رابردووش دەستەوارەیەكی بەبەهای 27 ملیۆن پاوەن پێشكەش كردبوو، بەڵام یانەكە داواكەی رەت كردبووەوە.