سۆز ئیحسان سێ كتێب له‌باره‌ى خوێندنه‌وه بڵاو ده‌كاته‌وه
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كتێبى "خوێنه‌رى ژیرانه" له هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه كه له زمانى عه‌ره‌بییه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌شواق ئیحسان بۆ سه‌ر زمانى كوردى هاتووه‌ته وه‌رگێڕان. ئه‌شواق كه به ناوى "سۆز"یش ده‌نووسێ، نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكى گه‌نجه، یه‌كێكه له‌و وه‌رگێڕه كچانه‌ى هه‌وڵ ده‌دات له بوارى وه‌رگێڕاندا به‌رده‌وام بێت. له دیمانه‌یه‌كى كورت له‌گه‌ڵ "وشه" باس له كارى وه‌رگێڕانه‌كه‌ى و چه‌ندان بابه‌تى گرنگى پێوه‌ندار به خوێندنه‌وه ده‌كات.
"خوێنه‌رى ژیرانه" به قه‌باره كتێبێكى ئاساییه و له پێنج به‌ش پێكهاتووه، سه‌رجه‌می بابه‌ته‌كان و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی باسكردنه له گرنگی و پێویستی كتێب و خوێندنه‌وه، ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی (١١٩) لاپه‌ڕه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌م كتێبه وه‌ك یه‌كێك له بڵاوكراوه‌كانى رێكخراوى "خوێنه‌ر" بڵاو كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام سۆز ئیحسان بۆ "وشه" ئاشكراى كرد كه كتێبه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى چاپ كردووه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى به وه‌رگێڕانى بابه‌تى "خوێندنه‌وه" ده‌ستى پێ كردووه؟ سۆز گوتى "به‌هۆى ئه‌وه‌ى خۆم له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانى خوێنه‌رم و په‌ره به تواناكانى خوێندنه‌وه ده‌ده‌م و چه‌ندان چالاكیمان هه‌بووه، هه‌ستم به‌وه كردبوو كه خوێنه‌رانی كوردزمان زۆر پێویستیان به فێربوونی ته‌كنیك و هونه‌ره‌كانی خوێندنه‌وه، تا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و كارا و كاریگه‌ر بخوێننه‌وه، له‌مه‌وه بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌م بۆ هات به‌دوای ئه‌و سه‌رچاوانه‌دا بگه‌ڕێم كه پێوه‌ندییان به‌و بابه‌ت و بواره‌وه هه‌یه، به‌داخه‌وه له كتێبخانه‌ی كوردی وه‌ها بابه‌ت و كتێبێك بوونی نه‌بوو جگه له چه‌ند هه‌وڵێك كه باسیان له به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه كردبوو".
ئه‌مه وا له‌و كچه وه‌رگێڕه ده‌كات كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى كتێبێك وه‌ربگرێت تا خوێنه‌رانى كورد فێرى ته‌كنیكه‌كانى خوێندنه‌وه بكات، كتێبى خوێندنه‌وه‌ى ژیرانه له پێنج به‌ش پێكهاتووه، له به‌شى یه‌كه‌مدا باس له گرنگى خوێندنه‌وه و له‌و رێیه ده‌كات كه به‌هره‌ى خوێندنه‌وه له‌لاى مرۆڤ زیاد ده‌كات، به‌شى دووه‌م باس له خوێندنه‌وه ده‌كات وه‌ك هونه‌رێك و هاوكات ئامانجێكیشى له پشته‌وه‌یه، به‌هه‌مانشێوه سێ به‌شه‌كه‌ى تریش پێوه‌ندارن به خوێندنه‌وه.
هه‌ڵبه‌ته به‌لاى ئێمه‌وه هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ خوێندنه‌وه ببات، ئه‌وا كه‌سێكى ژیره و كارێكى رۆشنبیرانه ده‌كات، كه‌واته لێره‌دا مه‌به‌ست به خوێندنه‌وه‌ى ژیرانه چییه؟ ئایا له به‌رانبه‌ر خوێندنه‌وه‌ى ژیرانه، چ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه؟ ئه‌مه یه‌كێك بوو له‌و پرسیارانه‌ى سۆز ئیحسان وه‌ڵامى دایه‌وه و گوتى، "له‌م كتێبه‌دا به‌شێكی تایبه‌ت هه‌یه به چه‌شن و جۆره‌كانی خوێندنه‌وه، خوێنه‌ران له‌وانه‌یش خوێندنه‌وه‌ی ژیرانه كه مه‌به‌ست لێی ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه كه خوێنه‌ر له‌م ئامانجه دوور ناكه‌وێته‌وه كه به‌ر له خوێندنه‌وه هه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها خوێنه‌ر بێلایه‌ن ده‌بێت له خوێندنه‌وه‌كه‌یدا، به مانای ئه‌وه‌ی نه لایه‌نگری نووسه‌ر ده‌بێت و هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاویه‌تی بێ مه‌رج وه‌ریده‌گرێت، نه سه‌رجه‌می ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ته‌نیا ڕه‌خنه‌گر ده‌بێت، به‌ڵكو لێده‌گه‌ڕێ بچێته ژێر كاریگه‌ری كتێب و له دنیای كتێبه‌كه بژیی و داببڕێت له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، وه‌ك له‌گه‌ڵ بیرۆكه و ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌ژیی تا له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ته‌واو ده‌بێت، ئینجا ده‌توانێ تێڕوانین و سه‌رنجی تایبه‌ت به‌خۆی له هه‌مبه‌ر كتێبه‌كه و نووسه‌ر و ته‌وه‌ره‌كاندا هه‌بێت".
سۆز ئیحسان جیا له‌وه‌ى مامۆستای په‌یمانگه‌یه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى به‌رده‌وام له بوارى خوێندنه‌وه چالاكى ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌و له‌باره‌ى رێژه‌ى خوێنه‌ر له كوردستان, باسى له‌وه كرد، تا ئێسته ئامارێكى ئه‌وتۆ نییه بزانرێ كامه توێژ له كوردستان زیاتر ده‌خوێننه‌وه. به‌ڵام ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له میانه‌ى چالاكییه‌كانى بۆى ده‌ركه‌وتووه، خوێنه‌رانى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دوو جۆرن، جۆرێكیان كه‌سانى به‌ته‌مه‌نن و خوێندنه‌وه به‌لاى ئه‌وانه‌وه خولیای ساڵانى رابردووه، چینى دووه‌مى خوێنه‌رانیش گه‌نجن.
له‌باره‌ى چینى یه‌كه‌م سۆز ئیحسان گوتى، "به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن كه له ته‌مه‌ن گه‌وره‌ن، ئه‌وانه زۆر به رژدی و به په‌رۆشه‌وه ده‌خوێننه‌وه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌یه له سه‌رده‌می لاوێتییه‌وه له شه‌یدایانی كتێب بوون و ئێسته‌یش نه‌یانتوانیوه ده‌ست له كتێب هه‌ڵگرن، ئه‌گه‌رچی چه‌ندان هۆی تری ده‌ستخستنی زانیاری هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك له خۆیانمان بیستووه، پێیان وایه هیچ شتێك نه‌یتوانیوه جێی كتێب بگرێته‌وه نه له‌ڕووی سووده‌وه و نه له‌ڕووی چێژه‌وه".
له باره‌ى چینى دووه‌مى خوێنه‌ران ده‌ڵێ، "ئه‌وان گه‌نجن زۆرینه‌یان، خوێندنه‌وه وه‌ك مۆد و شتێكی باوی سه‌رده‌م ده‌بینن، بۆ خۆده‌رخستن و لاف لێدان زیاتر وه‌ك خۆنواندن ڕوویان له كتێب كردووه، به‌تایبه‌ت له بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان كه به‌شێكی كه‌میان نه‌بێ كه به‌هه‌ق نیازیانه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویسته سوود له خوێندنه‌وه بكه‌ن و به‌هۆیه‌وه خۆیان پێ بگه‌یه‌نن و بتوانن دواتر خزمه‌ت بكه‌ن به خۆیان و خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ریان، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی تر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی خه‌ریكی سه‌رگه‌رمكردنن، كه‌چی هه‌رزوو له كتێب و خوێندنه‌وه بێزار ده‌بن و ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر گرنگیدان به كتێب و خوێندنه‌وه، چونكه وه‌ك پێویستییه‌كی ژیان سه‌یریان نه‌كردووه".
سۆز ئیحسان وێڕاى ئه‌وه‌ى وه‌رگێڕان به كارێكى پڕ "ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی" ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامه له‌كارى وه‌رگێڕان، ئێسته‌ش كتێبێكى له‌ژێر چاپدایه به‌ناوى "ڕێنمایی خوێندنه‌وه" و كتێبێكى تریشى ئاماده‌ى چاپه به‌ناوى "خوێندنه‌وه به‌رنامه‌ی ژیان".