رەنگە نیمار بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە

:: AM:10:59:19/11/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوەدا كە سەرجەم دەرهاوێشتەكان ئەوە نیشان دەدەن كە رەنگە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

نیمار نەیشاردبووەوە كە رەنگە جارێكی تر بگەڕێتەوە یانەكەی پێشووی، لای خۆشیەوە یانەی بەرشەلۆنە لە رێگەی بەڕێوەبەری وەرزشییەكەیەوە هەمان بۆچوونی راگەیاندبوو.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئەوەی ئێستا لەنێو یانەی بەرشەلۆنە دەگوترێ كرانەوەی دەرگەیە بەسەر نیمار بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێتەوە ریزی یانەكەی بەتایبەتیش دوای لێدوانەكانی ئەم ئەستێرەیە كە هیوای خواستبوو جارێكی تر لەنێو یاریگەی كامپ نوو یاری بكاتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە نیمار تا ئێستاش ئامانجی سەرەكی یانەی ریال مەدریدە و فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكیش ئامادەكاری كردووە و پارەی گرێبەستكردنی بۆ نیمار داناوە، رەنگە ئەمەیان ببێتە هۆی نانەوەی كێشە لەبەردەم یانەی بەرشەلۆنە كە لە ماوەی 2 وەرزی رابردوودا پارەیەكی زۆری لە گرێبەستی یاریزاناندا خەرج كردبوو و قەرزێكی زۆریشی لەسەر خڕببووەوە.

یانەی بەرشەلۆن دەیەوێ بەو پارەیەی لە فرۆشتنی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی دەستی دەكەوێ لەگەڵ بڕێكی تر نیمار بگەڕێنێتەوە.

لەبەرامبەریشدا یانەی پاریس سان جێرمان بەهۆی هەوڵەكانی هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار توڕەیە و ئەگەریش ناچار بكرێ ئەوا بە كەمتر لە 222 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نابێت هەمان ئەو پارەیەی لە هاوینی 2017 بۆ كڕینی دای بە یانەی بەرشەلۆنە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م