پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق زیاد دەكرێت

:: PM:12:01:19/11/2018 ‌
لیژنەی راسپێردراو لە حكوومەت و پەرلەمان دوێنێ یەكشەم 18ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، دەستیان كردووە بە هەمواركردنەوەی بودجەی 2019 كە حكوومەتەكەی عەبادی پێشتر ئامادەی كردبوو.

بەگوێرەی زانیارییەكان گۆڕانكاری لە بودجە كراوە بە جۆرێك پشكی پارێزگاكان و هەرێمی كوردستانیش بڕێك زیادی كردووە، لە بەرانبەردا بودجەی تەناهی بڕێكی لێ كەم كراوەتەوە و بەهای نەوتیش بڕێك زیاتر ئەژمار كراوە.

چەند پەرلەمانتارێكی لیژنە هاوبەشەكە دەڵێن، هەوڵ دەدەن پشكی دابینكراو بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و تەناهی كە 19%ی بودجە پێك دەهێنێت، كەمی بكەنەوە بۆ 12%، هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان كە 12.6% دەستنیشان كراوە، بڕێكی لێ زیاد دەكرێت و دەگەیەنرێتە 13%.

پێوەند بەو پرسە عەماوێل خۆشابا سەرۆكی هاوپەیمانی رافیدەین دەڵێ، لیژنەی هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان دەستی كردووە بە پێداچوونەوە بە بودجەی 2019، تێبینی پەرلەمانتارانیش لەسەر بودجەكە گەلێك زۆرە.

ئەو گوتی "بەشی زۆری تێبینییەكان داوای زیادكردنی پشكی پارێزگاكان دەكەن لە بودجە".
 
جێی باسە بودجەی 2019ی عێراق جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ساڵانی پێش خۆی بەجۆرێك بە رێژەی 88.79% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، داهاتی باج تەنیا 6.50%یە، داهاتەكانی تری حكوومەتیش هەر هەمووی 6.97% پێك دەهێنێت.



وشە - فه‌رمان سادق