هۆکاری 90%ی رووداوەكانی هاتوچۆ لە کوردستان تیژڕۆییە

:: PM:02:07:19/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر پەیامێك ئاراستەی شوفێران دەكات و هۆشدارییان پێ دەدات لەسەر تیژڕەوی كە هۆكاری سەرەكی ڕووداوەكانی هاتوچۆیە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، لە ماوەی 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە شاری هەولێر و دەوروبەری، كۆمەڵێك رووداوی هاتوچۆ كەوتنەوە كە ژمارەیان  هەزار و 119 رووداو بوون.

ئاماژە دراوە، لە ئەنجامی ئەم رووداوانە 214 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و هەزار و 212 هاووڵاتیش بریندار بوونە بەبرینی هەمەجۆر، جگە لەزیانی مادی زۆر كە بەدەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بەر موڵك و ماڵی هاووڵاتییان و موڵكی گشتی كەوتووە.

ئاشكرا كراوە، نزیك 90% رووداوەكان كە كەوتوونەتەوە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە كە ئەمەیان بووەتە بەڵایەك بۆ سیستمی هاتوچۆ و بووەتە مۆتەكەی مەرگ كە رۆژانە خوێنی گەنج و لاوەكانمان دەڕێژرێت.

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، لێرەوە داوا لە هەموو لایەك دەكەین بەتایبەتی شوفێرەكانمان كە تكایە پابەندی رۆیشتن بن بەو خێراییەی كە ئێمەی هاتوچۆ بۆمان دیاری كردوون، بەهێماكانی هاتوچۆوە بزانن ئەوە خێراییە سەلامەتەكەیە كە زووتر دەتانگەیەنێتە ئەو شوێنەی مەبەستتانە و بەهیچ شیوەیەك زێدەڕۆیی مەكەن و هیچ بەهانەیەك بۆ تیژڕۆیی مەدۆزنەوە، چونكە زیانمەندی یەكەم و كۆتایی هەر خۆتان دەبن.



وشە - رامیار جەواد