بەوێنە.. لە سۆران رۆژێك زووتر یادی مەولوود كرایەوە

:: PM:02:39:19/11/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئاینی و داودەزگا حكوزمی و حزبی و سەربازی و خەڵكی دەڤەرەكە لە شارۆكەی سۆران، یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەرز و پیرۆز راگیرا .

ساڵانە لە رۆژی 12ی "رەبیعول ئەوەل" كە دەكاتە سبەی سێشەم، لە شار و شارۆكەكانی كوردستان یادی لە دایكبوونی محەمەد (د . خ) بە ئەنجامدانی مەولوود و قورئان خوێندن و سروود و پێشكەشكردنی وتار و دابەشكردنی شیرینی دەكرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ رۆژێك پێشتر بۆنەكە دەستی پێ كرد.

بەدر وەیسی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند،  بەبۆنەی یادی پاك و موبارەكی لە دایكبوونی فەخری كائینات پێغەمبەری ئیسلام  (د.خ)، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بە هاوئاهەنگی لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، فێستیڤاڵی ساڵانەی یادی مولوودی پێغەمبەر بە بەشداری بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و لە شكری و زانایانی ئاینی و خێزانی سەربەرزی شەهیدان و جەماوەرێكی زۆر لە هۆڵی شەوكەت شێخ یەزدین لە سۆران ساز كرا.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بەوەكالەت وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، باسی لە گەورەیی یادەكە كرد كە بووەتە بەشێكی زیندووی كولتووری گەلەكەمان كە ساڵانە بە شكۆدارییەوە لە هەرێمی كوردستان یادەكە بەرز رادەگیرێت و ئەمەشی بەنیشانەی ئاینپەروەری خەڵكی كوردستان دانا .

ئەو گوتی "ئێمە وەك ئەوقافی سۆران ساڵانە رۆژێك بەر لە شوێنەكانی تر یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر بەرز رادەگرین، چونكە لەو یادە سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان و چەند كەسایەتییەكی ئاینی لە شاری هەولێر و شارەكانی تر دێنە سۆران و ناتوانن سبەی لێرە ئامادەییان هەبێ بەو پێیەی لەوێش یادەكە بەرز رادەگیرێت ."

ئەو  داوای لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد یادی مەولوود بكەنە هاندەرێكی سەرەكی بۆ خۆراگری و یەكڕیزی ناوماڵی كورد و پاراستنی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە كێشە و گرفتەكان، پەرە بە برایەتی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیان بدەن كە ئەمەش دیارترین پەیامی پێغەمبەری ئیسلام بووە .

شایەنی باسە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا درێژە بە یادی مولوود بدرێت لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران .  

سۆران / موڕشید برادۆستی















وشە - سلێمان تاشان