ئهمڕۆ دووشهم 19ى تشرینى دووهم، بەڕێوبەری گشتی دارایی لە کۆمسیۆنى سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان و ڕاپرسى ھەرێمى كوردستان ڕای گەیاند، وردبینی ناوی کارمەندانی کۆمسیۆن بۆ خەرجکردنی پارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و دوای تەواو بوونی ناوەکان پارەکە دابەش دەکرێت.
زەردەشت مەلا حەسەن، بەڕێوبەری گشتی دارایی له کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسى ھەرێمى كوردستان به ڕۆژنامهنوسانى ڕاگهیاندووه، وردبینی ناوەکانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە و هەولێر تەواو بووە، تەنیا پارێزگای دهۆک ماوە، لە ڕۆژی چوارشەمى داهاتوو لیژنەکانی کۆمسیۆن سەردانی دهۆک دەکەن بۆ وردبینیکردنی ناوی کارمەندانی کۆمسیۆن.
بەڕێوبەری گشتی دارایی لە کۆمسیۆن زیاتر گوتى، وردبینییهكه بۆیە زۆری خایاند بۆ ئهوهى مافی هیچ کارمەندێکی کۆمسیۆن نەفەوتێت و دوای تەواو بوونی وردبینییەکەش ناوەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەکرێت و دوای بڕیاری ئەوان پاداشتی کارمەندانی کۆمسیۆن خەرج دەکرێت.
رۆژی 30ى ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو کۆمسیۆنیش 42 هەزار کارمەندی بە شێوەی گرێبەست بۆ ئەو رۆژە دامەزراند، بهڵام هێشتا پاداشتهكهیان وهرنهگرتووه.