پەرلەمانی عێراق بڕیارەكانی عەبادی هەڵدەوەشێنێتەوە

:: AM:11:15:20/11/2018 ‌
بڕیارە سبەی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆ لەسەر چوار بابەت بكرێت و ڕەنگە بڕیارەكانی عەبادی كە بە نایاسایی ناوی دەهێنرێت، لەكاتی تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتداریەتی داویەتی هەڵبوەشێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی دووەم، هەدار زوبێر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دانیشتنی سبەی ئەنجوومەن پرسی بودجەی تێدا نییە، ئەوەشی پێوەندی بە هەرێمی كوردستانە بریتییە لە خاڵی چوارەمی دانیشتنەكە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، لابردنی خاڵە گومرگییەكان بە نایاسایی دەزانرێت و وەك ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەن بە تێكڕا كۆكین لەسەر لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان پارێزگاكان.

ئاشكرای كرد، لە یەكێك لە خاڵەكان گفتوگۆ لەسەر بڕیارەكانی عەبادی دەدرێت كە وەك سەرۆكی حكوومەتی ماوە تەواوبوو چەند بڕیارێكی داوە، بۆیە ڕەنگە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنەوە و بە نایاسایی بزانرێن.

ئاماژەی دا، تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەش تایبەت دەبێت بەو ئەندام پەرلەمانانەی كە بەڵگەی یاساییان تەواو نییە و پێویستە بەڵگەكانیان بە ڕوونی نیشان بدەن.

بڕیارە سبەی چوارشەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە بچێت و كۆی گشتی گفتوگۆكان بریتییە لە چوار بابەت.



وشە - رامیار جەواد