ریال مەدرید لە ئەگەری رازی نەبوونی نیمار گرێبەست لەگەڵ ئەم ئەستێرەیە دەكات؟

:: PM:12:06:20/11/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكەی بەردەوامە كە لە دوای رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە هاوینی رابردووەوە لە هێڵەكەدا كێشەی بۆ تووش بووە.

یانەكە ماوەیەكی زۆرە هەوڵی رازیكردنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمان فڕەنسی دەدات بۆ ئەوەی بیهێنێتە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت) ئیتاڵی ئاشكرای كرد: یانەی ریال مەدرید لە ئەگەری رێك نەكەوتنی لەگەڵ نیمار، جێگرەوەی بۆ ئەو یاریزانە داناوە ئەویش كاركردنە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی.

یانەی ریال مەدرید لە هەوڵی ئەوەدایە سوود لە دۆخی ئێستای یانەی پاریس سان جێرمان ببینێ كە تۆمەتبارە بە پێشێلكردنی یاساكانی خاوێنی و لەم رێگەیەشەوە نیمار بباتە ریزی یانەكەیەوە.

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ئێستا خەریكی تاوتوێكردنی دۆسیەی پێشێلكردنی یاساكانی خاوێنی یانەی پاریس سان جێرمانە و ئەگەر تۆمەتەكەی لەسەر ساخبووەوە ئەوا ناچار دەبێت یەكێك لە ئەستێرەكانی بفرۆشێ رەنگە ئەمەش نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م