"وشە" زانیاری نوێ‌ لەسەر خێزانەكەی چەمچەماڵ ئاشكرا دەكات

:: PM:12:13:20/11/2018 ‌
شەوی ڕابردوو بەهۆی شۆرتی كارەباوە خێزانێكی حەوت كەسی لە شارۆكەی چەمچەماڵ بوونە قوربانی و تا ئێستەیش پۆلیس بە تەواوی وردەكاری رووداوەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام "وشە" لە ڕێی كەسێكی نزیكی ئەو خێزانەوە زانیاری نوێ‌ بڵاو دەكاتەوە.

بەگوتەی دراوسێكیان ئەو خێزانەی زیاتر لە 10 ساڵە لە شارۆكەی چەمچەماڵ نیشتەجێ بوونە و خەریكی كاری خۆیان بوونە و بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان هاتوونە ئەو شوێنە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی دووەم، عادل كەریم چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لە چەمچەماڵ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو خێزانەی ئەمڕۆ لە هەڵەبجە گیانیان لە دەست دا، سەرقاڵی ژیانی تایبەتی خۆیان بوون.

ئەو چالاكە گوتی، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە ماڵێكی گەڕەكی ئازادی حەوت ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەست دا و ئەو كەسانەشی گیانیان لەدەست داوە عەرەبن و ماوەی 12 ساڵە لە چەمچەماڵ دەژین، بەهۆی خراپی بارودۆخی ناوچەكەیان لە باشووری ڕۆژئاوایی شاری مووسڵ و پارێزگەی دیالە هاتوون و نیشتەجێ بوونە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كردووە، شەوی ڕابردوو بەهۆی شۆڕتی كارەباوە ماڵێك لە چەمچەماڵ گڕی گرت و حەوت ئەندامی خێزانێك كە لەو ماڵەدا نیشتەجێ بوون گیانیان لەدەست دا، بەشێوەیەك ئەو خێزانە شەو هیتەریان داگیرساندووە و دواتر شۆرتی كردووە و دووكەڵێكی زۆری كردووە.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، بەهۆی ئەو دووكەڵەشەوە سەرجەم ئەندامانی‌ خێزانەكە خنكاون كە لە حەوت كەس پێكهاتوون، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانی تر، تەرمی قوربانییەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە كران بە مەبەستی توێكاری و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەكە.



وشە - رامیار جەواد