تێكۆشه‌ر و چالاكی مه‌ده‌نیی بواری مافی ژن، رۆشنبیر و چیرۆكنووس و شاعیر "مه‌ریه‌م قازی"، یه‌كێك له‌و خاتوونه چالاكانه‌یه جگه له بواری ئه‌ده‌بی، به‌رده‌وام له زۆربه‌ی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت شاری مه‌هاباد دا به‌شدار بووه و هانی ژنانی داوه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بڕوا و تێبینی تایبه‌ت به خۆیان بن له هه‌مبه‌ر ڕووداوه كۆمه‌ڵایه‌تیی و رامیارییه‌كان و كاروباره‌كانی خۆیاندا.
مه‌ریه‌م قازی هاوكات له بواری یاسایی یارمه‌تی چه‌ندان ژنی لێقه‌وماو و خاوه‌ن ئاریشه‌ی داوه، كه بێ‌تاوان و به‌هۆكاری جۆراوجۆر تووشی كێشه‌ی یاسایی هاتوون و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌كان كراون، تا كاتی ئازادكردنیان و وه‌رگرتنی مافی خۆیان، یان لانیكه‌م یه‌كلابوونه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یان، هاوڕێ و هاوكاریان بووه و به‌رچاوڕوونی ئاراسته كردوون.
مه‌ریه‌م قازی ناسراو به"خانم قازی" له بنه‌ماڵه‌ی پێشه‌وا شه‌هید "قازی محه‌مه‌د"ـه و له ساڵی 1963 له گه‌ڕه‌كی مه‌حكه‌مه‌ی شاری مه‌هاباد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووه. خوێندنی هه‌ر له‌م شاره تا پله‌ی كارناسی زمان و ئه‌ده‌بی فارسی درێژه پێ داوه. له منداڵییه‌وه هۆگری نووسین و ئه‌ده‌بیات بووه و له پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی له نووسین و رۆڵگێڕان له شانۆی قوتابخانه‌كه‌یاندا، رۆڵی هه‌بووه. له ساڵی 1977 كۆڕی كتێب خوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڕێی داده‌مه‌زرێنن و هاوكات له‌لایه‌ن زیندانییانی سیاسی له تارانه‌وه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دروست ده‌كرێت و یه‌كه‌مین رێكخراوه‌ی داشداری له زیندانییانی سیاسی و یه‌كه‌م خۆپێشاندان له‌سه‌ر شه‌قام داده‌مه‌زرێنن، بۆیه له‌لایه‌ن ساواك /ده‌زگای ته‌ناهیی ئێران/، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێ و دوای گرتنی ئامۆزاكانی، ناچار ڕا ده‌كه‌نه یه‌كێك له ئاواییه‌كانی ناوچه‌كه.
دوای ماوه‌یه‌ك به نووسینی شه‌ونامه و ڕۆژنامه‌ی دیواری، درێژه به چالاكییه‌كانیان ده‌ده‌ن و مانگرتنی یه‌كشه‌وه له ده‌بیرستانی شار بۆ ئازادی به‌ندكراوه سیاسییه‌كان له‌ناو ئاپۆرای حكوومه‌تی نیزامی وه‌ڕێ ده‌خه‌ن. سه‌ره‌تا پێنج كه‌س ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌كه‌یان ده‌بن و له كاتی مانگرتندا ژماره‌یان زیاتر له 20 كه‌س نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له دوای مانگرتنی شه‌وانه‌ی ئه‌وان له ده‌بیرستان، ته‌واوی خه‌ڵكی شار به‌شداری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌بن و به‌م شێوه‌یه بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری شار، تێكه‌ڵاوی بزووتنه‌وه‌ی گشتی ئێران له دژی ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی ده‌بن.
دوو ڕۆژ دواتر له‌لایه‌ن خوێندكارانی زانكۆی تاران به داشداری له مانگرتنی شه‌وانه‌ی كچانی مه‌هاباد كه بووبوو به سه‌ردێڕی هه‌موو ڕۆژنامه‌كانی ئێران، مانگرتنی خوێندكاران ڕاگه‌یانرا كه چه‌ندان شه‌هید و برینداری لێ كه‌وته‌وه.
له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا كه بوو به‌هۆی ڕووخانی ڕژیمی پاشایه‌تی، مریه‌م خان رۆڵی بنه‌ڕه‌تی له نووسینی شه‌ونامه و ڕۆژنامه‌كانی دیواری و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م و خۆپێشاندانه‌كاندا هه‌بووه. ساواك له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵی خۆی نه‌یتوانی بیدۆزێته‌وه كه نووسه‌رانی ئه‌و بڵاوكراوانه كێن؟ له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئێران به‌هۆی ئاڵۆزی و ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له ناوچه‌كه‌دا، بووه ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئیمدادگه‌رانی شه‌ڕ و هه‌زاران كه‌سیان چاره‌سه‌ر و ده‌رمان كردووه.
له دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕ كه‌وتنه به‌ر هه‌ڕه‌شه و گرتن و چه‌ند كه‌سێك له ئیمدادگهرهكان وه‌ك (مسته‌فا خوسره‌وی- مریه‌می فارووقی- حوسێنی) گوله‌باران كران، ناچار ماوه‌یه‌ك له تاران خۆی حه‌شار دا و به هاتوچۆی وه‌رگێڕی به ناوبانگ "محه‌مه‌د قازی و مامۆستا ئه‌حمه‌د قازی" و زۆر له ئه‌ندامانی كانوونی نووسه‌ران، زانیاری و ئه‌زموونه‌كانی له‌مه‌ڕ نووسین و خوێندنه‌وه برده سه‌ر و له دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دیپلۆم، هاته‌وه شاری مه‌هاباد.
به‌ڵام دووباره ناچار بوو ماوه‌یه‌كی تر بۆ خۆحه‌شاردان بچێته ئاوایی "سارووقامیش" و له‌وێ له مه‌كته‌بی له بن نه‌هاتووی باپیری، كه به ده‌یان ساڵ له گرتووخانه‌كانی په‌هله‌وی زیندانی و ئه‌شكه‌نجه كرابوون و به خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان و بیستنی به‌سه‌رهاتی ئه‌و و گه‌وره پیاوانی تر، زانیارییه‌كی زۆر باشتر و زیاتری له ئاستی مێژووی تۆمارنه‌كراوی ناوچه‌كه‌ی ده‌ست كه‌وت كه له دواییدا بوو به هه‌وێنی نووسینی رۆمانی "ژیانم خۆش ده‌وێ ده‌گه‌ڵ ئازادی".
له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شار ده‌گیرێ و له گرتووخانه‌ی میاندواو ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێ. له ساڵی 1983 زه‌ماوه‌ند ده‌كات. له ساڵی 1987 له كاتێكدا كه دووگیان ده‌بێ، بۆ جارێكی تر ده‌گیرێ و ماوه‌یه‌ك له شاری ته‌ورێز ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێ، پاشان ده‌یگوێزنه‌وه گرتووخانه‌ی مه‌هاباد و ماوه‌ی چه‌ند مانگ له ژووری تاكه‌كه‌سیدا ده‌مێنێته‌وه، پاشان به سێ ساڵ گرتن مه‌حكووم ده‌بێ، به‌ڵام به‌هۆی دووگیانبوون و تووشبوونی به نه‌خۆشی، به ده‌سته‌به‌ری "كه‌فاڵه‌ت" دوای چه‌ند مانگێك له گرتووخانه ئازاد ده‌بێ.
له ساڵی 1985 له دوای دامه‌زرانی بنكه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك وه‌ك ئه‌حمه‌دی به‌حری، سه‌لاحی ئاشتی و.. ده‌بێته به‌شداری ئه‌و دانیشتنانه و یه‌كه‌م ئه‌زموونی كوردی نووسین له‌م شوێنه ده‌ست پێ ده‌كات. له ساڵی 1986 له ناوه‌ندی ده‌نگوڕه‌نگی مه‌هاباد وه‌ك نووسه‌ر داده‌مه‌زرێ. له ساڵی 1990 له تاقیكاری زانكۆی مه‌هاباد ده‌رده‌چێ و له‌وێ یه‌كه‌مین گۆڤاری خوێندكاران به‌ناوی "زانا" وه‌ڕێ ده‌خه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی داخراوی وڵات به‌تایبه‌ت له زانكۆكان، وه‌ك زۆربه‌ی گۆڤاره دانشجووییهكان له سه‌رانسه‌ری ئێران ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێ و له دوای چه‌ندان ژماره ڕاده‌گیرێ. سه‌رله‌نوێ وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌ران ده‌كه‌وێته‌وه به‌ر لێپرسینه‌وه و بازجووی چه‌ند مانگێك تێده‌په‌ڕێ كه به‌هۆی داشداری و لایه‌نگری سه‌رۆكی زانكۆ - دكتۆر مه‌جدی - ڕزگاری ده‌بێ.
له ساڵی 1996 به‌هۆی نووسینی زنجیره چیرۆكێك به‌ناوی "به‌سه‌رهاتی ژنان" له 60 به‌ش دا و بڵاوبوونه‌وه‌ی له به‌شی چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كان و پێشوازی بیسه‌ران، كه له‌وێدا هه‌لومه‌رجی ژنان به‌گشتی خرابووه ژێر تیشكی ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه، سه‌رله‌نوێ كه‌وته به‌ر بازجوویی و لێپرسینه‌وه و سه‌ره‌نجام دوای ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی ده‌رده‌كرێت.
له ساڵی 1997 له دوای هاتنه سه‌ركاری "محه‌مه‌د خاته‌می" ده‌بێته ده‌بیری كانوونی فاروغولتهحسیلانی مه‌هاباد كه زیاتر له سێ هه‌زار ئه‌ندامی كارناسی هه‌بوو. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به هاوكاری "ناسر باباخانی، قاسم موئه‌یه‌دزاده و سه‌عدی قازی" وه‌ك ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی بنكه‌ی ئه‌ده‌بی مه‌هاباد، ئه‌و بنكه‌یه داده‌مه‌زرێننه‌وه و بۆ ماوه‌ی 15 ساڵی به‌رده‌وام وه‌ك به‌رپرس و ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌م بنكه‌یه كار ده‌كات. به‌م جۆره ده‌بێته یه‌كه‌م ژن كه سه‌رۆكی رێكخراوێكی ئه‌ده‌بی بێت، به ده‌یان لێكۆڵینه‌وه و سیمینار و دانیشتنی ئه‌ده‌بی پێك دێنن.
له ساڵی 2005 له دوای ئاراسته‌كردنی وتارێك له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدان "قازی محه‌مه‌د و سه‌یفی قازی و سه‌درولئیسلام " ده‌گیرێ و دوای ماوه‌یه‌ك به پێنج ساڵ زیندانی ته‌علیقی و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی چوونه ده‌ره‌وه‌ی له وڵات، به ده‌سته‌به‌ری ئازاد ده‌كرێ. له ساڵی 2003 له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو "ئه‌ندازیار ئه‌ده‌ب" بۆ به‌شداری له به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد، بانگهێشت ده‌كرێ و له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی به‌ره‌كه‌دا له نێوان 15 شاری كورد ده‌نگی دووه‌م دێنێته‌وه و وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، چالاكانه له دانیشتنه‌كانی ئه‌م به‌ره‌یه له شاری تاران به‌شدار ده‌بێ و وتار و لێدوانه‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد و به‌تایبه‌تی ژنانی كورد بۆ جارێكی تر به‌رز ده‌كاته‌وه.
هه‌ر له‌مساڵه‌دا لقی به‌ره‌ی یه‌كگرتووی ژنانی كورد له‌و به‌شه‌دا چالاك ده‌كات و ده‌یان دانیشتنیان بۆ ساز ده‌كات و به خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و ڕۆژنامه و... رۆڵێكی باشی ده‌بێ له كرانه‌وه‌ی چاو و گوێی ژنان، به‌م هۆیه‌وه له‌لایه‌ن بنكه‌ی "ژنانی یارمه‌تیده‌ری نیشتمان -ژین" وه‌ك ئه‌ندام و گوته‌بێژی ئه‌م بنكه‌یه وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له دوای چه‌ندان جار دانیشتن و گوتاردان له‌و به‌شه، سه‌رله‌نوێ ده‌كه‌وێته‌وه به‌ر لێپرسینه‌وه و بازجوویی و به‌شداریی ئه‌و وه‌ك گوته‌بێژ له دوای ده‌یان جاری تری بازجوویی، قه‌ده‌غه ده‌كرێ و دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پێكهێنه‌رانی بنكه‌ی "ڕووناك" كه شوێنی چاودێری له كچانی بێ بنه‌ماڵه و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كچانه بوو كه بێده‌ره‌تان و بێ كه‌سوكار بوون، به ده‌یان كچی كورد ته‌نانه‌ت له شاره توركهكانیشدا كۆ كرانه‌وه و ڕاگوێزرانه‌وه مه‌هاباد.
له ساڵی 2000 له‌لایه‌ن بنكه‌ی پارێزگاری له ژینگه بانگهێشت ده‌كرێ و له‌و به‌شه‌دا به خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كانی رۆڵێكی باشی له پارێزگاری له ژینگه‌دا گێڕا، به‌ڵام له‌و به‌شه‌شدا پاش ماوه‌یه‌ك كه‌وته‌وه به‌ر لێپرسینه‌وه و به‌شداری ئه‌و قه‌ده‌غه كرا. له ساڵی 2012 بنكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییان بۆ ماوه‌یه‌ك راگرت و پاشان به‌شداریی ئه‌ویان له دوای 15 ساڵ هه‌ڵسووڕاندنی چالاكانه‌ی ئه‌و بنكه‌یه، وه‌ك به‌رپرسی ئه‌و به‌شه قه‌ده‌غه كرد. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌لایه‌ن بنكه‌ی فه‌رهه‌نگی شوورای شار وه‌ك گوته‌بێژ بانگهێشت كرا و رۆڵێكی باشی له‌و به‌شه‌دا له شیكردنه‌وه‌ی گرفته‌كان و به‌دیكردنی ڕێچارهكاندا گێڕا. به‌ڵام له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه هه‌موو جۆره چالاكییه‌كی مه‌ده‌نی لێ زه‌وت كرا و مافی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشی لێ سه‌نرایه‌وه.
به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌و هه‌موو ئازار و ئه‌شكه‌نجانه‌ی گرتووخانه، چه‌ند ساڵیك له‌مه‌وبه‌ر تووشی نه‌خۆشیی كوشنده بوو، تا رۆژی دووشه‌م 5/11/2018 كۆچی دوایی كرد و رۆژی سێشه‌م رێكه‌وتی 6/11/2018 به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر، له گۆڕستانی شاعیران و ناودارانی زێدی خۆی له مه‌هاباد به‌خاك هاته سپاردن.
به‌رهه‌مه‌كانی مریه‌م قازی
1 _ 115 وتار كه به زۆری باس له كۆیله‌كردنی مرۆڤ به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن كومهڵگه و ده‌سه‌ڵاته‌كان و خوێندنه‌وه‌ی تیۆرییانه و شیكارییانه‌ی كتێب و بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانه كه له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه.
2 . كتێبێكی كورته‌چیرۆك له‌ژێر ناونیشانی "هاتنه ژوور قه‌ده‌غه‌یه" كه بۆ زمانی فارسیش هاتووه‌ته وه‌رگێڕان به ناوی "ورود ممنوع".
3. كتێبه چیرۆكی "زینده به‌گۆڕ" كه زاهیر ڕۆژبه‌یانی پێشه‌كییه‌كی بۆ نووسیوه و له ده‌زگه‌ی ئاراس چاپ و په‌خش كراوه له هه‌ولێر.
4. ڕۆمانی ئاماده بۆ چاپ و بڵاوبوونه‌وه "ژیانم خۆش ده‌وێ ده‌گه‌ڵ ئازادی".
5. وه‌رگێڕانی شانۆنامه‌ی "شیوه‌نی جه‌م".
6. وه‌رگێڕانی "ئازادی له نیوه‌شه‌ودا".
7. نووسینی چه‌ندان فیلمنامه و زیاتر له 95 چیرۆكی كورت و ده‌یان چالاكی تر.
سه‌رچاوه:
1. دیمانه‌ی تایبه‌ت له ماڵی خۆی له شاری مه‌هاباد.
2. گۆڤاری كۆماری رۆژ: مه‌ریه‌م قازی چالاك و رۆشنبیر و ره‌خنه‌گری رۆژهه‌ڵات. دیمانه: هه‌وار خزرزاده.
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌باری