كچێك له دهۆك كه 14 ساڵه راهێنانی وه‌رزشی به كچان و ژنانی سنووری پارێزگاكه ده‌كات، تا ئێسته زیاتر له هه‌زار كچ و ژنی فێری راهێنانه وه‌رزشییه‌كان كردووه به‌تایبه‌تی له بواری زۆمبای، یۆگا و تایكواندۆ.
گوڵڤین عه‌بدولسه‌مه‌د له ساڵی 1992 له ئێران له دایك بووه و قوتابیی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی دهۆكه له به‌شی ئای تی. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، ده‌ستپێشخه‌ر بووه بۆ هێنانی وه‌رزشی زۆمبای له پارێزگای دهۆك.
له كه‌یه‌وه ده‌ستت به راهێنانه وه‌رزشییه‌كان كردووه؟
له منداڵییه‌وه ده‌ستم به وه‌رزش كردووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه توانیم به‌شداری له چه‌ندان خول و راهێنانی وه‌رزشی بكه‌م و زانیاری ته‌واویش له بواری راهێنانه وه‌رزشییه‌كان وه‌ربگرم. له ساڵی 2005ـه‌وه تا ئێسته وه‌ك راهێنه‌ری وه‌رزشی كار ده‌كه‌م به‌تایبه‌تی له بواری زۆمبای، یۆگا و تایكواندۆ، له‌و رووه‌وه ده‌یان خول و راهێنانی وه‌رزشیم كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه كچان و ژنان بتوانن له‌شولارێكی به‌هێز و ده‌روونێكی ئارامیان هه‌بێت.
شێوازی كاركردنت چۆنه؟
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و تا ئێسته به شێوازی خۆبه‌خش راهێنان به كچ و ژن ده‌كه‌م، له‌لای من گرنگ ئه‌وه‌یه فێری وه‌رزشیان بكه‌م و پاره به‌لامه‌وه گرنگ نییه.
چۆن توانیت یاریی زۆمبای بهێنیته دهۆك؟
كچان و ژنانی كوردستان به‌گشتی و پارێزگای دهۆك به‌تایبه‌تی حه‌ز له وه‌رزشی زۆمبای و یۆگا ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و دوو جۆره‌ی وه‌رزش بێجگه له‌وه‌ی له رووی ده‌روونییه‌وه ئاسووده و ئارامیان ده‌كات، هاوكات زۆرترین جووڵه‌ی وه‌رزشی تێدایه به تایبه‌تی زۆمبای كه بێجگه له جووڵانه‌وه، جۆرێك له جۆره‌كانی سه‌مای تێدایه، ئێسته كچانی دهۆك زۆر حه‌ز له‌و جۆره وه‌رزشه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانی دارایی و مه‌عنه‌وی، ناتوانن له خوله‌كاندا به‌شداری بكه‌ن.
من ده‌ستپێشخه‌ر بووم بۆ هێنانی وه‌رزشی زۆمبای بۆ پارێزگای دهۆك، یاریی زۆمبای له هه‌رێمی كوردستان زۆر لاوازه، له كاتێكدا خۆی یه‌كێكه له یارییه وه‌رزشییه‌كان و له هه‌موو دنیا باوه.
كێشه‌كانی تۆ و ژنانی دهۆك چین؟
له هه‌رێمی كوردستاندا وه‌رزش هیچ گرنگی نه‌ماوه به‌تایبه‌تی راهێنانه وه‌رزشییه‌كان، به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانی دارایی كێشه‌ی زۆر بۆ ئێمه‌ی راهێنه‌ر دروست ده‌بێت به‌تایبه‌تی له نه‌بوونی شوێنی تایبه‌ت به راهێنانه وه‌رزشییه‌كان، ئه‌وه‌تا له هه‌ر خولێكی راهێنانی وه‌رزشیدا له دهۆك نزیكه‌ی 60 ژن به‌شداری ده‌كه‌ن، ئه‌مه جێی دڵخوشی ئێمه‌یه، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه كاره‌كان به خۆبه‌خشی به‌ڕێوه ناچن و پێویسته لایه‌نی پێوه‌ندار بێنه سه‌رخه‌ت و هاوكار بن بۆ كردنه‌وه‌ی خول و راهێنانی زیاتر بۆ كچان و ژنان و پاڵپشتی راهێنه‌رانیش بكه‌ن.
وشه/ دهۆك- نه‌وزاد هلۆری