عەبدولمەهدی دوو داوا لە ئەمەریكا و رووسیا دەكات

:: PM:06:36:20/11/2018 ‌

عادل عەبدولمەهدی هەوڵ دەدات حكوومەتەكەی وەك بێلایەن و پێویست بە هاوكاری نێودەوڵەتی پێشان بدات و بۆ ئەو مەبەستە بە واشنتن دەڵێت فەرمانمان بۆ رەوانە مەكەن بەوەی عێراق وڵاتێكی لاوازە و داوایش لە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا دەكات بۆ سەردانیكردنی عێراق.

بەم دواییە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی باسی لە پلانەكانی خۆی بۆ داهاتوو كرد و ئاشكرای كرد كە سەردانی سەربازانی ئەمەریكی لە عێراق و ئەفغانستان دەكات. 

عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ سێشەم لە دیدارێكی رۆژنامەوانی كە لە تەلەڤزیۆنی فەرمی هاتە پەخشكردن، رای گەیاند، عێراقمان خستووەتە گۆشە نیگایەكی دروست و بەشێك نین لە سیستەمی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران. دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا سزاكان بەسەر كەسایەتی و حكوومەتەكەكان دەسەپێنێت، ئەوە بابەتێكی تایبەت بەخۆیەتی.

زیاتر گوتی، بە ئەمەریكامان راگەیاندووە كە تكایە فەرمانمان بۆ رەوانە مەكەن و رێنوێنیش لە ئێوەوە قبووڵ ناكەین، راستە عێراق لاوازە، بەڵام خۆی رادەست ناكات.

هاوكات ئەمڕۆ سێشەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاتی دیداری لەگەڵ میخایل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقیا و جێگری وەزیری ناوخۆی رووسیا و شاندی هاوەڵی، باسی پاڵپشتی رووسیایان بۆ عێراق كرد.

وەك نووسینگەی عەبدولمەهدی باسی لێوە كرد، بۆگدانۆڤ بانگێشتننامەیەكی پووتینی گەیاندە عەبدولمەهدی بۆ سەردانیكردنی مۆسكۆ، لەو كاتەی عەبدولمەهدی داوای سەردانیكردنی پووتینی بۆ عێراق لە رێگەی نوێنەرەكەی بۆ سەرۆكی رووسیا گواستەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل