هەرگیز لەگەڵ منداڵەكەت مەخەوە

:: PM:10:48:20/11/2018 ‌

رێكخراوێكی تایبەت بە تەندروستی منداڵ و پاراستنیان لە مردنی لەپڕ هۆشداری دەدات بەوەی دایك و باوكان هەرگیز نەخەون كاتێك منداڵێك لەسەر سنگیانە.

هەندێك لە دایك و باوكان دەیانەوێ منداڵەكەیان لەگەڵ خۆیان بخەوێنن، واتا لەگەڵ خۆیان لەسەر هەمان جێی نوستن بە درێژایی شەو، بەڵام رێكخراوی "زە ڵەڵەبای ترەست"، وریایی ئەوە دەدات كە لە هەندێك حاڵەتدا خەوتن لەگەڵ منداڵەكەت مەترسیدارە و ئەگەری مردنی لەپڕی منداڵەكە زیاتر دەكات.

بەشكردنی جێگەی نوستن لەگەڵ منداڵەكەت ئەگەری مردنی لەپڕی زیاتر دەكات، بەتایبەت لەم دۆخانەدا:

یەكەم، گەر یەكێك لە دایك و باوكەكە جگەرەكێش بێت، هەرچەندە لە ژووری نوستنیش نەی كێشێت.

دووەم، گەر زۆر ماندوو و شەكەت بوویت.

سێیەم، گەر منداڵەكە پێش كاتی خۆی لەدایك بووبێت.

چوارەم، گەر منداڵەكەت بە كێشێكی كەمەوە لەدایك بووبێت.

پێنجەم، گەر یەكێك لە دایك و باوكەكە مادەی هۆشبەریان خواردبێت یان بەكارهێنابێت، ئەو دەرمانانەیش دەگرێتەوە كە خەواڵووت دەكەن.

بۆیە گەر یەكێك لەو خاڵانەی سەرەوە تۆ دەگرێتەوە، هەرگیز نابێت لەگەڵ منداڵەكەتدا بخەویت و جێگەی نوستنەكەتی لەگەڵ بەش بكەیت.

رێخراوەكە وریایی ئەوەیش دەدات كە دایك و باوكان هەرگیز لەسەر قەنەفە نەخەون لەگەڵ منداڵ، چونكە مەترسی مردنی لەپڕی منداڵەكە ٥٠ جار زیاتر دەكات، ئامۆژگاریش دەكەن گەر هەر ویستتان منداڵەكە لەگەڵ خۆتان بخەوێنن، دڵنیا ببنەوە لەوەی هیچ سەرین، سەرچەف، بەتانی یان هەر پارچەیەكی تر لەسەر جێگەی نوستنەكەتان نەبێت كە مەترسی ئەوەی لێ بكرێت ببێتە بەربەست بۆ هەناسەدانی منداڵ یان زیاد لە پێویست جەستەیان گەرم بكات.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل