نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوو دابەزی

:: AM:09:32:21/11/2018 ‌

نرخی نەوت لە دابەزیندایە و بەراورد بە سەرەتای مانگی رابردوو، 24 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێكی دابەزیوە و ئێستە بە نزمترین ئاستی لە ماوەی نۆ  مانگی رابردوو دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 63 دۆلار و 23 سەنت دەفرۆشرێت و لە 24 سەعاتی رابردوو سێ دۆلاری تر لە بەهاكەی كەم بووەتەوە.

هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI بە 54 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش نزمترین نرخی ئەو جۆرە نەوتەیە لە ماوەی ساڵێكدا تۆمار كرابێت.

ئەم دابەزینەش لە كاتێكدایە كە سزاكانی سەر ئێران دەستیان پێ كردووە و بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەكان بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، رێژەیەكی بەرچاو لە نەرخی هەر بەرمیلێكی كەم كردووەتەوە.

زۆری بەرهەمهێنانی نەوت لای ئەمەریكا و تەنانەت وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت لە لایەك و پێدانی مۆلەت بە هەندێك وڵات بۆ كڕینی نەوت لە ئێران و لێخۆشبوونیان لە سزاكانی ئەمەریكا هۆكاری سەرەكیی لە دابەزینی نرخی نەوتە.

هەفتەی رابردوو سعوودیە بە بڕیاری كەمكردنەوەی رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل هەوڵی دا رێگری لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت بكات، بەڵام ئەو هەوڵەی سعوودیە بێ كاریگەر بوو و ئێستە یەكێك لە گرنگترین دڵەڕاوكێكانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ئەوەیە نرخی نەوت زیاتر لە ئاستی پێویست دابەزێت و دووبارە ئابوورییەكەیان تووشی تەنگژە و كێشە بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان