دانەگاز و هیلال بەرزكردنەوەی 30%ی بەرهەمهێنانیان لە كێڵگەی كۆرمۆر راگەیاند

:: AM:10:10:21/11/2018 ‌

كۆمپانیای دانەگاز كە گەورەترین كۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی گازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هاوكاری هاوبەشەكەی كرێسێنت پترۆلیۆم (هیلال پێترۆلیۆم) بە رێژەی 30% بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆری راگەیاند. ئەو بەرزكردنەوەیەی گازی سروشتیش بۆ مەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی پێویستە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان.

پەرەپێدانی كێڵگەی گازیی كۆرمۆر تەنیا لە بوارێكدا نییە، بەڵكو لە چەندان رەهەندی جیاوازدا كۆمپانیای بەرهەمهێنەر توانیویەتی پەرە بە كارەكانی بدات و قەبارەی بەرهەمهێنان لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا بەرز بكاتەوە، جگە لە رۆژانە بەرهەمهێنانی 15 هەزار بەرمیل لە پێكهاتەی تر.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "دانەگاز" پڕۆژەكە لە ساڵی 2008 دەستی بە كارەكانی كرد و بە هێڵێك گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵەوە بۆ چەندان وێستگە، لەوانەش وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ و وێستگەی كارەبای هەولێر دەگوازێتەوە و بڕیارە لە بازیانیش دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە پشتبەستن بە گازی سروشتی بكرێت.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەش كردووە نزیكەی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە كەرتی گازی كورستاندا كردووە و بەرهەمهێنانی گازیش لە كورستان قازانجێكی زۆری بۆ گێڕانەوەی سامان بۆ كورستان هەبووە و نزیكەی 20 ملیار دۆلار سوودی بە كوردستان گەیاندووە.

لە بەشێكی تری راگەیاندنەكە باس لەوەش كراوە، لە وێستگەی كۆرمۆر غازی شلی ناسراو بە LPG  و شلەكانی غازی سروشتی  NGL یش بەرهەم دەهێنێت كە لە بازاڕی ناوخۆ ی كوردستان ساغ دەكرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان