سێ یاریزانی بەرشەلۆنە لە خولی ئیتاڵیا داوا دەكرێن

:: AM:11:15:21/11/2018 ‌

هەرسێ یانەی ئیتاڵی میلان و ئینتەر و رۆما بۆ بەهێزكردنی تیپەكەیان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا لە هەوڵی ئەوەدان گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش پێشبینی دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەرسێ یانەكە گفتوگۆكانیان لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دەست پێ بكەن.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: هەردوو یانەی رۆما و ئینتەر ركابەری لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ رافینیا ئەلكانتارای ئەستێرەی بەڕازیلی دەكەن.

ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن لە خولی ئیتاڵیا و لە ریزی یانەی ئینتەر میلان یاری كردبوو.

لای خۆشییەوە یانەی بەرشەلۆنە رازییە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دەستبەرداری رافینیا بێت، بەڵام بەو مەرجەی گواستنەوەكە یەكجاری بێت نەك بەشێوەی خواستن.

یانەی میلانیش لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ مانگی داهاتوو بتوانێ گرێبەست لەگەڵ هەردوو یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە دینیس سوارێز و ئەرتۆرۆ ڤیدال بكات كە هەردوو یاریزانەكە وەك پێویست لە ریزی یانەكەدا لە پێكهاتەی سەرەكی ئەم وەرزەدا یارییان پێ ناكرێ.

یانەی رۆما هەروەها لە رێگەی مونشی بەڕێوەبەری گشتی یانەكەیەوە هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ دینیس سوارێز.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م