كورد لە بەغدا ژمارەیەك پۆستی تر‌ وەردەگرێت

:: AM:11:23:21/11/2018 ‌

حكوومەتی عێراق گۆڕانكاری لە پۆستەكانی باڵوێز و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە دەرەوە دەكات و پەرلەمانتارێكی پارتیش ئاشكرای دەكات، گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی كورددا دەبن.

دانا شەهید جەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ چوارشەم 21ی تشرینی دووەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە خولەكانی‌ پێشووی ئەنجوومەنی‌ نوێنەراندا، لەكاتی‌ گۆڕانكاری لە كابینەی‌ حكوومەت، گۆڕانكاری لە باڵوێز و كونسوڵەكانی عێراقیش لە وڵاتانی دەرەوە كراوە، بۆ ئەم خولەش چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری لەو پۆستانەدا بكرێت.

دانا شەهید جەزا گوتی: "گۆڕانكاری لە نوێنەرانی عێراق لە كونسوڵخانه ‌و باڵوێزخانەكان لە بەرژەوەندی كورد دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێستە پشكی كورد لە پۆستە دیپلۆماسییەكان لە 3% تێپەڕ ناكات، هەر گۆڕانكارییەكیش بكرێت، كورد بەگوێرەی‌ بەركەوتەی‌ هەڵبژاردن پۆستەكانی پێ دەدرێت".

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی رای گەیاند: لەكاتی‌ گۆڕانكارییەكان و پێدانی بەشی كورد لە باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی عێراق، بەركەوتەی‌ هەڵبژاردن و سازان رەچاو دەكرێت.

سلێمانی / هەستیار



وشە - سلێمان تاشان