بەرشەلۆنە 3 هێرشبەری بۆ جێگرەوەی سوارێز دیاری كردووە

:: PM:12:00:21/11/2018 ‌

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هەوڵی دۆزینەوەی هێرشبەرێكی نوێن بۆ شوێنی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا چاودێری سێ هێرشبەری نوێ دەكات كە ئەوانیش برێتین لە كریستۆف بیاتیك و نیكۆلاس پیپی و لوكا یۆڤیچ.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد: هەرسێ هێرشبەرەكە ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەی بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە و بۆ پڕكردنەوەی شوێنی سوارێز كە ئێستا لە تەمەنی 32 ساڵیدایە.

یانەكە بڕوای بە تواناكانی مونیر حەدادی هێرشبەری بەڕەگەز مەغریبی نییە و بەو هۆیەشەوە رەنگە بیفرۆشێت ئەگەر دەستەوارەیەكی گونجاویان ئاراستە بكرێ.

بژاردەیەكی تری بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە گەڕانەوەی پاكۆ ئەلكاسێرە كە ئێستا بەشێوەی خواستن لە ریزی یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یاری دەكات و لە ماوەی رابردووشدا ئاستێكی زۆر باشی لە ریزی یانەكەدا پێشكەش كردووە، بەڵام ئەم هێرشبەرە خوازیارە بەشێوەی یەكجاری لە خولی ئەڵمانیا بمێنێتەوە.

لەبەر ئەمە یانە كەتەلۆنییەكە لە ئێستادا چاودێری تواناكانی بیاتیكی هێرشبەری یانەی جەنەوەی ئیتاڵی و پیپی هێرشبەری یانەی لیلی فڕەنسی و یۆڤیچی هێرشبەری یانەی فڕانكفۆرتی ئەڵمانی دەكات.

بیاتیك تەمەنی 23 ساڵە و لەم وەرزەشدا لە كۆی بەشداریكردنی 13 یارییدا 13 گۆڵی بۆ یانەی جەنەوە تۆمار كردووە، بەڵام پیپی 8 گۆڵی بۆ یانەی لیل تۆمار كردووە و یۆڤیچی هێرشبەی بۆسنیش تا ئێستا 12 گۆڵی لەگەڵ یانەی فڕانكفۆرت تۆمار كردووە.

جێی باسە سوارێز هەرچەندە ئێستا لە تەمەنی 32 ساڵیدایە، بەڵام تا ئێستا ئاستی یاریكردنی بەرزە و توانیویەتی 9 گۆڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار بكات، پێشیوایە ئاساییە یانەكەی بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرێكی نوێ بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م