یەكێتی لەسەر رەتكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت روونكردنەوە دەدات

:: PM:03:21:21/11/2018 ‌


ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی روونكردنەوە لەسەر پشكی حزبەكەی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم دەدات و پێی وایە، لە ئەگەری دانانی دوو جێگر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، یەكێتی هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم 21ی تشرینی دووەمی 2018، بە "وشە"ی راگەیاند "هێشتا زووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم، چونكە گفتوگۆكان سەرەتایین و دانوستانی رژد دەستی پێ نەكردووە".

ئەو گوتی "ئەگەرچی هێشتا بە فەرمی ئەوە باس نەكراوە، بەڵام ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەت دابنرێت، یەكێتی هەڵوێستی خۆی دەبێت، ئەگەریش هەیە لەو پۆستە بكشێتەوە و بە پۆستی وەزاریی تر قەرەبوو بكرێتەوە، ئەگەرچی هێشتا یەكلا نەبووەتەوە".

چاوڕەش دەڵێت "ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكرێت، ئیتر بە دوو جێگر بێت یان ئەسڵەن جێگری نەبێت".

لەسەر ئەم بابەتە "وشە" پێوەندی بە سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتییەوە كرد، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتە ئامادە نەبوو لێدوان بدات، وەك پێوەندی بە چەند سەركردەیەكی تری ئەو حزبەوە كرد، بەڵام پێوەندییەكان بەردەست نەبوون.

سلێمانی / هەستیار



وشە - سلێمان تاشان