شارەزایەك: سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا كاریگەری گەورەی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا

:: PM:06:50:21/11/2018 ‌

سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی نوێ و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆ دەبێتەوە، ماموستایەكی زانكۆ لەو بارەوە دەڵێت، ئەو سەردانە گرنگی زۆری  هەیە، چونكە كاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا سیاسییە و لە میانی سەردانەكەیشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆ دەبیتەوە، چونكە كاتێك لایەنەكانی بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە، داوایان كرد ئەویش سەردانی بەغدا بكات، بۆیە بڕیاری دا سەردانی بەغدا بكات.

روشدی زیاتر گوتی، هەر لەمیانەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكرێت كە تا ئێستە تەواو نەبووە.

لای خۆیەوە د. ساڵح مەلا عومەر عیسا، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا گرنگی زۆری هەیە و لەناو عێراقیش واقعێك هەیە كە حكوومەتی عێراق بەبێ كورد دروست نابێت و پێویستە كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی بەشداری لە حكوومەت بكات و رێز لە مافەكانی بگیرێت .

د.ساڵح مەلا عومەر عیسا باسی لەوەیش كرد كە یەكێكی تر لە گرنگی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە و خەڵكێكی زۆر دەنگی بە پارتی داوە، بۆیە ئەوە دەسەلمێنێت كە پارتی بە جەماوەری خۆی پشت ئەستوورە، بۆیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش رێزی تایبەت لە پارتی دەگیرێت.

عیسا ئەوەیشی گوت، سەرۆك بارزانی بەپێی ئەو ئەزموونەی هەیەتی و كاریگەری كەسایەتی خۆی لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات، چونكە عادل عبدولمەهدیش پێوەندی باشی لەگەڵ كورد و سەرۆك بارزانیش هەیە، بۆیە ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی لێكتێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەمەیش لەبەرژەوەندی هەردوولا دەبێت.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، ئەم هەنگاوانە وا دەكات كێشەی بودجە و مووچە و پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ هەنگاوی بۆ بنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن، بۆیە ئەو سەردانە كاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت و گرنگی زۆریش هەیە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل