لێكۆڵەرێكی ئەمەریكی: دەبێت بڕیاربەدەستانی ئەمەریكا وانە لە ریفراندۆمی كوردستان وەرگرن

:: PM:08:47:21/11/2018 ‌
مایكل نایتس، لێكۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك و تایبەتمەند لە كاروباری سەربازی و تەناهی لەسەر عێراق و ئێران و كەنداوی عەرەبی، لە توێژینەوەیەكدا لەسەر ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی 2017ی هەرێمی كوردستان، بە چوار خاڵ دەستنیشانی چەند پرسێك دەكات كە پێی وایە ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمەریكی و بڕیاربەدەستدانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامی ریفراندۆم و پشتكردنە كوردستان لە 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دواتر، هەڵەیان كردووە و پێویستە وانەی لێ وەربگرن.

نایتس دەڵێ، ریفراندۆمی 25ی ئەیلوول و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بەهۆیەوە عێراق دەستی گرت بەسەر كەركووك و نەوتەكەی، دوو كارەسات و شكستی گەورە بوون بۆ بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا.

وانەی كەركووك
دوای ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان وەك  دوو هاوپەیمانی ئەمەریكا شەڕی دژ بە داعشیان كرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو دوو هاوبەشەی ئەمەریكا لەگەڵ یەكتری بە درێژایی هێڵی بەرەی جەنگ بەتایبەت لە ناوچە جێ ناكۆكەكان، ئەمە دەرفەتی دایە داعش سوودی لێ وەربگرێت.

دوای ریفراندۆمەكەی كوردستان پێوەندییەكانی ئەو دوو هاوبەشەی ئەمەریكا تەواو تێكچوو، پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكتریان بە خیانەتكار لە دۆزی كورد تۆمەتبار دەكرد بە تایبەت بەهۆی لە دەستدانی كەركووك.

سەرەڕای ئەوەی رووی دا، ئێران پشتگیری عێراقی كرد لە سەپاندنی چاودێری بەسەر كوردستان و هێرشكردنە سەری، ئەمەیش پارتی دیموكراتی كوردستانی زیاتر لە ئەمەریكا توڕە كرد بەوەی بە دەنگ نەهاتووە، لە كاردانەوەشدا لەو كاتەوە تا ئێستە زیاتر هەوڵی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران دەدات نەك ئەمەریكا.

دوای لەدەستدانی متمانە، ئەمەریكا لە ریفراندۆمەكە و تەنگژەی كەركووك چووە دەرەوە و هەڵوێستی رق و كینەیان لە دژی كورد وەرگرت، تەنانەت پنتاگۆن و سەركردایەتی سەربازی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە توڕەییەوە پێشنیازەكانی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی گەورەی ئەمەریكا لەو تەنگژانە رەت دەكەنەوە، ئاماژە بەوە دەدەن كە پێشتر هۆشداریان داوەتە كورد كە ئەمەریكا لەگەڵ راپرسیەكە نییە.

بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ئەوانەی لە واشنتنن هەموویان یەك را نین، بەشێك لە سەركردەكانی كۆنگرێس و موفەكیرەكان، تەنانەت هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی ئەمەریكی، دان بەوەدا دەنێن كە ئەمەریكا تا ئاستێكی زۆر هەڵەی كردووە بەرانبەر بە هاوپەیمانێكی كۆنی خۆی.

ئەگەر لەوە گەڕێین كێ راستە و كێ هەڵەیە، ئەوا دەبێت وانەیەك لەو كارەساتە وەرگرین. بە درێژایی ساڵی رابردوو داوام لە گەورە بەرپرسان و بڕیار بەدەستان كردووە كە بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەوە بدەن كە دەكرا واشنتن چی بكات، لە كۆی وەڵامەكاندا ئەوەی لێ تێگەیشم كە وانەی یەكەمە لە رووداوەكەدا، پرسی كەركووكە.

كاتێك پرسیارم لە بارەی كەركووك لە زۆرێك لە بەرپرسانی ئەمەریكی كرد، هەڵە لە پرسیارەكە تێدەگەیشتن، ئەوان زۆر بە سانایی وەڵامیان دەدایەوە و رەتی ئەوەشیان دەكردەوە كە سەرزەنشت بكرێن لەوەی بەسەر كەركووك هاتووە، بەڵكو سەرزەنشتەكەیان دەخستە پاڵ كەسانی تر و لەسەر خۆیان لایان دەدا.

بەڵام ئەو دیدارانەی ئەنجامم داون و دەكرێت ئەوەی لێ هەڵجێنم كە ئێمە نقوومی رۆشنبیری یاری سەرزەنشتكردنی كەسانی تر بووینە، هێشتا بە شێوەیەكی باش ئامادە نین خۆمان، هەڵسەنگاندن بۆ خۆمان بكەین لە بارەی شكستی سیاسەتەكانمان، لێرەدا دەمەوێت هەوڵ بدەم روانینێك بخەمەڕوو كە رەنگە حكوومەتی ئەمەریكی لە پلانەكانی داهاتوویدا لە سیاسەتی دەرەوەیدا سوودی لێ وەربگرێت.

كەمتر لە پێوست و دوای بەسەرچوونی كات
وانەی دووەمی رووداوەكان، دەكرێت ئەوەی لێ هەڵێنجین كە تەنگژەكان لە ئەمەریكا پێویست بەوە دەكات باشتر لێیانەوە فێر بین كە چۆن تەركیز لەسەر كاتی گونجاو دەكەین لەو هەوڵەی پێشوەختە دەیدەین، بۆ ئەوەی دەستنیشانی پەلوپۆی رووداوەكان بكەین. ئەگەر تەنگژەی ئەیلوول و ئۆكتۆبەری 2017 ببەستینەوە بە وتەیەكی پێشینیان كە دەڵێت، "درهەمێكی خۆپارێزی باشترە لە كۆشێك چارەسەر".
زۆرینەی بڕیاربەدەستانی سەرەكی و پێوەندار بە عێراق و كوردستان لەگەڵ ئەوەدا بوون كە ریفراندۆم نەكرێت، ئەگەریش بكرێت بێ كەركووك بێت، ئەوە مشتومڕی زۆری لە واشنتن دروست كردبوو. بە نهێنی بەرپرسانی ئەمەریكی دان بەوەدا دەنێن كە دەكرا لایەنی كەم هەندێك كاریان بكردایە بە شێوەی جیاواز و بە پەلە و یەكلا كەرەوە، كە نەیان كردووە.

بەو پێیەی ئەندامێكی لە كۆمەڵگەی هزری واشنتن، من دەرسێكی زۆر گرنگ فێربووم لە 2017، راشكاوانە بڵێم من لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیدام. بەڵام ئەوكات، لە مانگی ئەیلوول و ئۆكتۆبەری 2017، هەستم كرد كاتی راپرسی نییە بەتایبەت كە كەركووكیش بەشێك بێت لە بازنەكە، بەڵام كاتێك هەوڵەكان شكستی هێنا لە رەتكردنەوەی راپرسییەكە، بیرم كردەوە كە ئەمەریكا دەبێت هانی عێراق و یاریزانەكانی تری ناوچەكە بدات كە پەرچە كرداری زۆر توند دژ بە كورد نەگرنە بەر، چونكە ریفراندۆمەكە هیچ كاریگەرییەكی كارگێڕی دروست ناكات.

دوای گەڕانەوەم لە گەشتێك لە كوردستان لە ناوەڕاستی 2017، تێگەیشتنم بۆ داخوازی كورد هەبوو لە بارەی دواخستنی ریفراندۆم كە ئەگەری دواخستنی هەیە. دەبووایە لایەنی پێوەندیدار لە ئاستی پلەی مامناوەند لە ئەمەریكا ئەو شیكردنەوەیان هەبووایە و نیان ناردبایە كە ئەو كاتەی ماوە پێش ریفراندۆم، دەكرێت ئەمەریكا سیاسەتێكی نوێ لە پەنجەرەیەكی كاریگەرتر هەوڵی دواخستنی بدا بووایە، كە نەكرا.

بەڵام لە وەختێك هێشتا تەنگژەكە زۆری بەسەردا تێ نەپەڕیوە، كەچی تا ئێستە هیچ كەسێك لە سەركردایەتی ئەمەریكا لە ئاستی باڵا گرنگی بەو پرسە نادات و ئامادە نییە راستەوخۆ رووبەڕوو لەگەڵ كورد باسی بكات.

سەركردایەتی سیاسی كورد ئامادەیی تەواوی نیشان دا كە سەركێشی لە سیاسەتی دەرەوە بكەن بە راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەوان ئاڵنگاری رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا وەستانەوە، هۆشدارییەكانی قاسم سلێمانی سەركردەی فەیلەقی قودسیان پشتگوێ خست. بەڵام سەركردەكانی كورد تا كۆتا رۆژەكانیش چاوێكیان لە دواخستنی هەبوو، ئەمەیش تەنیا بە ئەمەریكا دەكرا یان بە هۆشدارییەكی توند یان دەستەوارەیەك كە بارزانی رازی بكات بۆ دواخستنی، ئەوان دەیانویست ئاماژەكە لە ئەمەریكاوە بێت نەك ئێران و توركیا.

لە كاتێك هیچ هۆشدارییەكی توند نەبوو، زۆرینەی سەركردەكانی كورد ترسیان نەما و باوەڕیان بەوە هێنا  لە كۆتاییدا ئەمەریكا پشتی كورد دەگرێت.

ئەگەرچی شكستهێنان لە رێگرتن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، شكستهێنانی هەمووان بوو، هەولێر، سلێمانی، بەغدا، ئەنكەڕە، تاران، واشنتن، بەڵام توڕەیی كورد زیاتر رووی لە ئەمەریكایە، رەنگە لە واقیعدا ئەمە دادپەروەرانە نەبێت، بەڵام هەر هەموو لایەنە دەستڕۆیشتووەكان لە ناوچەكەدا لەو باوەڕەدابوون ئەمەریكا رێگەی ئەوە بدات كە رووی دا.
 
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ 12 بەرپرسی ئەمەریكی، كۆك بوون لەسەر ئەوەی ئەمەریكا دەیتوانی دانوستاندن بكات بۆ دواخستنی ریفراندۆم، یان دەستپێشخەرییەكەی لە كاتە درەنگەكانی مانگی ئەیلوول بڵاو كرایەوە، دەكرا زووتر ئەوە بكرێت و ئەمەریكایش گەرەنتی ئەوە بداتە كورد كە پشتگیری دەكات لە مافی چارەی خۆنووسین.

 پلانی جێگرەوە نەبوو
ریفراندۆم كرا و دەرئەنجامەكەشی بۆ هەمووان دیارە، بەڵام بڕیار بەدەستانی ئەمەریكی دەڵێن لەو باوەڕە نەبوون كوردەكان ئەو هەنگاوە هەڵگرن، ئەمەیش كورت بینییە لە سیاسەتدا. چونكە هێشتا پلانی یەكەمی ئەمەریكا دواخستنی راپرسی بوو، بەڵام پلانی جێگرەوەیان نەبوو كە ئەگەر ریفراندۆم بكرێت ئەوان چی دەكەن؟، ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە پاش دەبینین حكوومەتی ئەمەریكی پلانی جێگرەوەی نەبووە جگە لە هۆشداری نەبێت.  

بەڵام ئێرانییەكان و بەكرێ گیراوانیان لە عێراق پلانی جێگرەوەیان هەبوو، ئەویش شەڕ و گرتنی كەركووك، ئەمەیشیان بەخێرایی ئەنجام دا و ئەمەریكایش لە وەڵامدانەوەی سست بوو ئەگەرچی هێزیشی لە كەركووك هەبوو.

هەڵسەنگاندنی خودی بۆ هزرمەند
وانەی تەنگژەی كەركووك وەك هزرمەندێك، ئەوە بەس نییە بزانیت كێشەكە چییە، یان دەستنیشانی چارەسەر بكەی، یان توانات هەبێت ئەو بۆچوونە لەناو دڵی پڕۆسەی سیاسی لە ئەمەریكا جێ بكەیتەوە. بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی ئەرێنیت هەبێت، پێویستە توانای ئەوەت هەبێت سەرنجی گەورە سەركردەكان لە ئاستی وەزیریەكان بۆ ئەو پرسە و چارەسەری سیاسی ئەو پرسە رابكێشی، ئەمەیش كارێكی دژوار و زەحمەتە.

ئەو ئاڵنگارییە كە ناوی دەنێم پلانی بەرگری ستراتیجی عەساف ئۆریۆن "پێداگیری لە قۆناغی سەرەتاكاندا"، بە مانای ئەوەیە دەبێت پێشبینی مەترسییەكانیش بكەی و هەوڵێكی گەورەی بۆ بدەی پێش روودانی لە قۆناغێكی زەمەنی دیاری كراودا، تا چارەسەرەكە زۆر باش بێت و سەركەوتوو بێت و تێچووشی كەمتر بێت.

رەنگە "پێداگیری لە قۆناغی سەرەتاكاندا" لە سیاسەتی ئەمەریكا نەبوو بێت تا پێشبینی ئەنجامێكی باشی بكردایە لەو تەنگژەیەی 2017 روویدا، بەڵام دەرفەتی هەبوو هەمووان لە كارەساتێك رزگار بكات كە دەرئەنجامەكەی زۆر سەخت بوو پاش ریفراندۆم و تەنگژەی كەركووكی سەربازی، ئەویش دانیشتنی رووبەڕووی وەزیرانی ئەمەریكی لەگەڵ سەركردەكانی كورد كە ئەو دانیشتنە سوودی باشتری دەبوو بە بەراورد بە هەموو ئەوانەی كە روویان دا.



وشە - فه‌رمان سادق