عادل عەبدولمەهدی: بە ئەرێنی سەیری سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەكەین

:: PM:09:43:21/11/2018 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق لە بەغدا كۆبێتەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە بە ئەرێنی سەیری سەردانەكەی بارزانی دەكەن و سبەی كۆ دەبنەوە.

عەبدولمەهدی لەی میانەی كۆنگرەی هەفتانەی رۆژنامەوانی لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، بە ئەرێنییەوە سەیری سەردانەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا دەكەین و بەیانی پێنجشەم كۆ دەبنەوە.

بڕیارە سبەی پێنجشەم سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و سەرانی هێز و هاوپەیمانیەتییەكانی عێراق كۆ ببێتەوە لەوانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و  موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و هیتریش.

ئەمڕۆ چوارشەم عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا سیاسییە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆ دەبیتەوە، چونكە كاتێك لایەنەكانی بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە، داوایان كرد ئەویش سەردانی بەغدا بكات. دووپاتی كردەوە، سەرۆك بارزانی لە بەغدا باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكات.

لای خۆیەوە د. ساڵح مەلا عومەر عیسا، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی بەشداری لە حكوومەت بكات و رێز لە مافەكانی بگیرێت . سەرۆك بارزانی بەپێی ئەو ئەزموونەی هەیەتی و كاریگەری كەسایەتی خۆی لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات، چونكە عادل عبدولمەهدیش پێوەندی باشی لەگەڵ كورد و سەرۆك بارزانیش هەیە، بۆیە ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی لێكتێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، ئەم هەنگاوانە وا دەكات كێشەی بودجە و مووچە و پێشمەرگە و مادەی 140 هەنگاوی بۆ بنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن، بۆیە ئەو سەردانە كاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت و گرنگی زۆریشی هەیە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل