پەرلەمانتارێك: سەرۆك بارزانی لە بەغدا دەستپێشخەرییەك رادەگەیەنێت

:: PM:10:42:21/11/2018 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم سەرۆك مەسعوود بارزانی لە بەغدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆ ببێتەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە بەغدا دووپاتی دەكاتەوە كە بارزانی دەستپێشخەرییەك بۆ سفركردنەوەی تەنگژەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەخاتە روو.

بڕیارە سبەی پێنجشەم سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و سەرانی هێز و هاوپەیمانیەتییەكانی عێراق كۆ ببێتەوە لەوانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و  موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و هیتریش.

بەشار كیكی ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، سەرۆك بارزانی لە بەغدا دەستپێشخەرییەك بۆ سفڕكردنەوەی تەنگژەكانی نێوان بەغدا و هەولێر  دەخاتە روو و دووپاتی كردەوە كە كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ ئەركی هەردوولایە لە سایەی ئەو كێشە و تەنگژە تەناهی و ئابووری ناوچەییانەی رووبەڕووی بەغدا و هەولێر دێنەوە. 

دووپاتی كردەوە، سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا دەبێتە پاڵنەر بۆ تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەبدولمەهدی و دەربڕینی پاڵپشتی تەواو بۆی.

ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بە ئەرێنی وەسف كرد و دووپاتی كردەوە كە سبەی كۆ دەبنەوە. ئەوەیش لەو كاتەی كە كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی تەنگژەی ململانێی لایەنە شیعە و سوننەكان بووەتەوە بەتایبەتی لەسەر هەردوو پۆستی بەرگری و ناوخۆ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت چوونی بارزانی بۆ بەغدا یاریدەر بێت بۆ یەكلابوونەوەی ئەو كێشە و چەندان كێشەی تر.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل