لە شارى سلێمانى هاووڵاتیەک کۆتایى بە ژیانى خۆى دەهێنێت و تەنیا له دوو مانگدا دوو کەس خۆیان کوشتووە و چوار حاڵەتى گیان لە دەستدانیش هەبووە. بەڕاى توێژەرێکى کۆمەڵایەتى، حاڵەتەکانى خۆکوشتن لە ئێستهدا بەشێکى بەهۆى ئەو دۆخە دەرونییەوەیە کە توشى هاووڵاتیان بووە لەو دۆخەى ئێستهدا.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند: ئێوارەى ئەمڕۆ سێشهم 20ی کانوونی یهکهم/دیسێمبەری 2016، هاووڵاتیەک لە گەڕەکى قڕگەى شارى سلێمانى کۆتایى بە ژیانى خۆى هێنا.
ههروهها باسی لهوهش کرد: ئەو هاووڵاتیە زۆر بە تەمەنە و خێزاندارە و منداڵى هەیە، بەپێى ئەو لێکۆڵینەوانەى کە خێرا بۆى ئەنجامدراوە بە چەک خۆى کوشتووە.
رایان عوسمان، توێژەری کۆمەڵایەتى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، خۆکوشتن لە هەموو شوێنێک بوونى هەیە و هەر یەکەو بە جۆرێک و بەهۆکارێک پهنا دهباته بهر خۆکوشتن.
ڕایان ئهوهشی باس کرد: ئەو دۆخەى ئێستا کە دروستبووە، هاووڵاتى تووشى نەخۆشى دەرونى کردووە، ئەتوانین بڵێین، بەشێک لە خۆکوشتنەکان پەیوەندى بەو دۆخەوە هەیە، چونکە لایەنى دارایى دەبێتە هۆکارێک.
لە ماوەى دوو مانگى ڕابردوو ئەوە دووەم حاڵەتى خۆکوشتنه لە شارى سلێمانى، هەروەها چوار حالەتى گیان لە دەستدانیش هەبووە که تهنیا شەوى ڕابردوو دوو هاووڵاتى بەهۆى دووکەڵ و غازى زۆپاوە گیانیان لە دەستداوە.
سلێمانى/ هۆشیار عەلى