له دیسێمبه‌ردا (گوێچكه‌كان قسه ده‌كه‌ن) نمایش ده‌كرێت
كارۆخ ئیبراهیم حه‌كیم ده‌رهێنه‌ری ناسراوی شانۆ، دوای ده‌رهێنان بۆ چه‌ندان به‌رهه‌می شانۆیی، كۆتا كاری به‌ناوی (سندان) له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٦ نمایش كرا، ئێسته‌یش سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی شانۆگه‌رییه‌كه كه بڕیاره له مانگی داهاتوودا نمایش بكرێت.
كارۆخ ئیبراهیم حه‌كیم به جۆرێكی تر ده‌ڕوانێته دنیای شانۆ به‌تایبه‌تی له بارودۆخی ئێسته‌ی كوردستاندا، ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تێڕوانینی خۆی بۆ شانۆ ده‌خاته ڕوو، باس له شانۆگه‌ریی "گوێچكه‌كانم قسه ده‌كه‌ن" ده‌كات كه خه‌ریكی كاركردنه تێیدا.
شانۆ له كوردستان به‌رده‌وام جێی باس و ره‌خنه بووه، ئێسته له چ دۆخێكدایه؟
پێش هه‌موو شتێك شانۆ له كوردستان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه، ئه‌و هه‌وڵه‌یش له شانۆكار بۆ شانۆكارێكی تر ده‌گۆڕێت، ڕه‌نگه به بۆچوونی هه‌ندێك كه‌س هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بن، بۆچوونی هه‌ندێكی تر ئه‌و هه‌وڵه به ئاسۆیه‌كی روون ده‌بینێت، به‌ڵام من له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بۆچوون نیم، چونكه پێم وایه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له كوردستان ده‌گوزه‌رێت، جۆرێكی تره كه نه‌یتوانیوه خۆی له‌گه‌ڵ دۆخی بینه‌ر بگونجێنێ، دۆخێك كه تاكی كورد به شێوه‌یه‌ك ده‌یبینێ كه شانۆیه‌ك نییه له رۆح و داخوازی ئه‌وانه‌وه هه‌ڵقوڵێ، هه‌رچی له‌باره‌ی كام شار پێشه‌نگ و لووتكه‌یه.
به‌گشتی له كوردستان تاكی كورد زۆر هاوڕێ نین له‌گه‌ڵ شانۆدا، ئه‌مه هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئایا شانۆ نه‌یتوانیوه بگات به ئاستی داخوازی تاك، یان خه‌ڵك خۆی كێشه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌ره؟
من خۆم ناچمه ناو بازنه‌ی حوكمدانی زۆرینه و كه‌مینه، چونكه نه‌بوونی ئه‌و هاوڕێیه‌تییه‌م له شانۆكانی خۆم نه‌دیوه و ناشبینم، ئه‌و بڕوابوونه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گوتاره باڵاتره‌ی هونه‌ری شانۆ پێیدا تێده‌په‌ڕێت، تا ده‌گاته ئاستی بڕوابوونی به بینه‌ر.
به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو، بینه‌ری شانۆ و چالاكی شانۆیی كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌ق لاوازه یان دۆخی گشتیی هاوكار نییه؟
هۆكار زۆرن، من ته‌نیا شتێك ده‌ڵێم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی شانۆكاران نه‌یانتوانی به‌پێی رۆژگار كار و بیر و به‌رهه‌م و دنیابینییان بۆ شانۆ نوێ بكه‌نه‌وه، ئه‌وان له پاشی پاشه‌وه ده‌یانه‌وێ ئه‌سپه ماندووه‌كه‌یان تاو بده‌ن تا بگه‌ن به پێشی پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه.
ئێسته شانۆ كه‌مه یاخۆ شانۆكار؟ یان هه‌ردووكیان هه‌ن به‌ڵام پاڵپشتی نییه؟
من نه‌مژماردوون، به‌ڵام ئاشكرایه شانۆ كه‌مه و شانۆكاری راسته‌قینه‌ش كه‌متر، كێشه‌كه ده‌بێ نه‌به‌سترێته‌وه به هۆكاری دارایی، به‌ڵام تا شانۆ له‌گه‌ڵ بزنس تێكه‌ڵ نه‌كرێت، بووژانه‌وه به‌خۆیه‌وه نابینێت، شانۆ ده‌توانێ له خراپترین بارودۆخدا جوانترین و گه‌وره‌ترین پێگه‌ی هه‌بێت.
تۆ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر مه‌رجه‌كانی مانه‌وه‌ی شانۆیه‌ك له مێشكی هه‌وادارانی شانۆ بۆچی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟
بینه‌ری خۆت باش بناسی، چونكه كه بینه‌ره‌كه‌ت ناسی ده‌زانی چی پێشكه‌ش ده‌كه‌ی, به‌م ناسینه تێكه‌ڵبوونێكی رۆحی هونه‌ری دروست ده‌بێت، چونكه هه‌م ئه‌و بڕوای ته‌واوی لا دروست ده‌بێت كه تۆ چ كارێك ده‌كه‌ی، هه‌م تۆش ده‌زانی كه بینه‌ره‌كه‌ت به كام ده‌قی شانۆیی ئاسووده ده‌بێت و خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه.
په‌یامی تۆ به‌گشتی له ده‌رهێنانی هه‌ر شانۆیه‌كدا چییه؟
به‌ر له هه‌موو شتێك پرسی مرۆڤایه‌تی، دادپه‌روه‌ری و ئازادی بۆ تاك، بیروڕای فراوان و یه‌كتر قبووڵكردن، ئه‌وه‌ی نه‌گوترێت لای من بگوترێت، به‌زاندن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه سوورانه‌ی مرۆڤ بۆ یه‌كتری كێشاون.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كورد له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆرترین تاڵی چه‌شت، ئایا ئه‌م تاڵییانه خرانه ناو ده‌قی شانۆییه‌وه؟
بێگومان، به‌شێك له‌و تاڵییانه له نمایشی "گوێچكه‌كانم قسه ده‌كه‌ن" كاری له‌سه‌ر كراوه كه له مانگی ١٢ ئه‌مساڵ 2018دا نمایش ده‌كرێت.
شانۆگه‌ریی "گوێچكه‌كانم قسه ده‌كه‌ن" له ده‌رهێنانی خۆت و رۆڵی گۆران ساڵح و سێبه‌ر ئیبراهیمی خوشكت، بۆچی ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره‌ت هه‌ڵبژاردووه؟
هه‌ردووكیان به‌ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بۆ ئه‌و رۆڵانه شیاون، رۆژی نمایش ئه‌وه ده‌بینرێت، هه‌ڵبژاردنی هونه‌رمه‌ند گۆران ساڵح له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی بۆ رۆڵه‌كه و توانای باشی نواندن، هاته هه‌ڵبژاردن، سێبه‌ریش دوو هۆكار هه‌یه، یه‌كه‌م سێبه‌ر خۆی ئه‌كته‌رێكی زۆرباشه، دووه‌میش خوشكمه و ده‌مه‌وێ بڵێم با سه‌ره‌تا هانی ماڵباتی خۆمان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له كاری هونه‌ری، با راستگۆ بین له كاره‌كانمان، به رۆژ له خه‌می نه‌بوونی توانای ژن نه‌گرین و شه‌وانیش خێزان و خوشك و دایكمان زیندان نه‌كه‌ین، با بوێر بین و له خۆمانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین.
شانۆگه‌ریی "گوێچكه‌كانم قسه ده‌كه‌ن" له چ قۆناغێكدایه و كه‌ی و له كوێ نمایش ده‌كرێت؟
قۆناغی باشی تێپه‌ڕاندووه، له چوارچێوه‌ی پێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆ له هه‌ولێر له ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١٨ نمایش ده‌كرێت.
كاری ده‌رهێنان و مامۆستایه‌تی و كاری میدیایی، ئه‌مانه به‌یه‌كه‌وه بۆ تۆ چۆن رێك خراوه؟
مامۆستایه‌تیم ئه‌ركه، كاری ده‌رهێنان ئه‌زموون و نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه، كاری میدیاییم بژێوی ژیانه.
وشه/ دیمانه- ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان