نیمار بۆ گەڕانەوەی یانەی بەرشەلۆنە دەبێت 3 شت بكات

:: AM:10:21:22/11/2018 ‌
سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی 3 مەرجی بۆ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی داناوە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەكە.

نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بە هاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و وەك گرانترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێدا پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە كرد.

ماڵپەڕی (گۆڵ)ی جیهانی ئاشكرای كرد: جۆزیپ ماریا بارتومیۆ سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە 3 مەرجی لەبەردەم نیمار داناوە بۆ ئەوەی دووبارە پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات.

مەرجی یەكەمی بارتومیۆ ئەوەیە كە نیمار بە ئاشكرا دان بەوەدابنێ كە لە رۆیشتنی یانەی بەرشەلۆنە هەڵەی كردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی توانج و توڕەبوونی هاندەران نەبێتەوە.

مەرجی دووەم برێتییە لە رازیبوونی كەمكردنەوەی مووچەی ساڵانەكەی كە ئێستا لە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ.
مەرجی سێیەمیش كێشانەوەی ئەو داوا یاساییەی نیمار لە دژی یانەی بەرشەلۆنە بەرزی كردبووەوە كە تێیدا داوای پاداشتی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كردبوو.

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر نیمار تەنانەت بەیەكێك لەم داوایانەش رازی نەبێت جارێكی تر ناگەڕێتەوە یاریگەی كامپ نوو.

جێی باسە لەم چەند رۆژەی دواییدا ئەندرێ كۆری نوێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە ئەمەریكای باشوور لە كەمپی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە ئینگلتەڕا چاوی بە نیمار و باوكی كەوتووە و پرسی گەڕانەوەیان بۆ یانەی بەرشەلۆنە تاوتوێ كردووە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاماژەی بەوەدابوو كە نیمار لەم دیمانەیەدا راستەوخۆ بە كۆری راگەیاندووە پەشیمانە ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە، هەروەها داواشی لێ كردووە لەگەڵ هاوكارەكانی هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە هەرێمی كەتەلۆنیا و وەرزی داهاتوو لەنێو یاریگەی كامپ نوو دەست بە یاریكردن بكاتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م