پاڵەوانی دنیا هاتەوە هەولێر پێشوازی لێ نەکرا

:: AM:09:10:25/11/2018 ‌

ئازاد حەمزە لە دایكبووی ساڵی 1989ی شاری هەولێرە و ئێستە لە شارۆكەی خەبات /رۆژئاوای هەولێر/ دادەنیشێ، چەند رۆژێك بەر لە ئێستە بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی دنیای (نۆڤیس شۆ)ی لە دانیمارك كرد و توانی سێ ملوانكە و جامی پاڵەوانیەتییەكە بەدەست بینێ، بۆیە "وشە" دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەم پاڵەوانە كوردە ئەنجام دا.

ئازاد حەمزە كێیە؟
من ناوم ئازاد حەمزە لە ساڵی 1989 لە خێزانێكی كوردپەروەری شاری هەولێر و لە شارۆكەی خەبات لە دایك بووم، خێزانەكەشم پێكهاتوون لە باوكم و دایك و 12 برا و خوشك.

كەی دەستت بە یاریی لەشجوانی كرد؟
لە منداڵییەوە حەز و خولیای تایبەتیم بۆ یاریی لەشجوانی هەبوو و هەمیشە خەونم بەوەوە بینیوە ببمە یاریزانێكی پیشەگەری لەشجوانی، بەڵام بەشێوەی كرداری لە ساڵی 2005 هاتمە ناو هۆڵەكانی وەرزش و دەستم بە یاریی لەشجوانی كرد، لە نێوان ساڵانی 2007 تا 2009 بەهۆی خوێندنەوە ماوەیەكی كورت دابڕام و دواتر لەبەر حەزی زۆرم بۆ وەرزشەكە دووبارە گەڕامەوە.

لە ناوخۆی كوردستان جامت بەدەست هێناوە؟
لە ساڵی 2008وە بەشداریی لە پاڵەوانیەتییەكانی كوردستان و عێراق دەكەم و لە هەموو ساڵەكانیشدا دەستكەوتم هەبووە، گەورەترین دەستكەوتنەكانیشم لەم ساڵانەی دوایی بووە، لە ساڵی 2015 لە پاڵەوانیەتیی لەشجوانی شاری هەولێر و دەوروبەری لە كێشی (95 كگم) پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، لە ساڵی 2016شدا بەشداریم لە پاڵەوانیەتیی لەشجوانی كوردستان كرد و توانیم لە كێشی (100 كگم) پلەی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست بێنم، هەر لەم پاڵەوانیەتییەدا لەسەر ئاستی پاڵەوانەكانی كوردستان بەهەمانشێوە پلەی یەكەمم بەدەست هێنا.

لە پاڵەوانیەتیی دنیای نۆڤیس باشتر ناسێنرای، ئەگەر باسێكی ئەم پاڵەوانیەتییەمان بۆ بكەیت؟
نۆڤیس پاڵەوانیەتییەكی ساڵانەیە و لەسەر ئاستی دنیا بۆ پاڵەوانانی لەشجوانی هەر ساڵە و لە وڵاتێك لە جۆرەكانی یاریی لەشجوانی فیزیك و كلاسیك و ژنان بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمساڵیش پاڵەوانیەتییەكە لە دانیمارك بەڕێوە چوو و منیش وەك كوردێك لەسەر ئەستۆی خۆم لە بەشی بەدی بۆڵدینگ بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەكە كرد.

مەبەستت چییە لەسەر ئەستۆی خۆت بەشداریی پاڵەوانیەتییەكەت كرد؟
بەڵێ لەسەر ئەستۆی خۆم و بەبێ هاوكاری هیچ یانە و یەكێتییەكی وەرزشی و بەرپرسێكی وەرزشی كوردستان بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەكە كرد، سەرەتا خۆم وەك یاریزانێكی لەشجوانی كورد ناونووس كرد بۆ ئەوەی بەشداریی ركابەرییەكانی پاڵەوانیەتییەكە بكەم، خۆشبەختانە دوای ئەنجامدانی سەرجەم رێكارەكان رێیان پێ دام لە پاڵەوانیەتییەكەدا بەشداربم.

واتە بۆ پاڵەوانیەتییەكە هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووی؟
وەك یانە و یەكێتیی لەشجوانی كوردستان و بەرپرسانی وەرزشی كوردستان، هیچ كەسێك هاوكارم نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێت كە راهێنەرەكەم ئەحمەد ئەحمەد و یاریدەرەكەم هێمن حوسێن بەردەوام هاوكارییان كردووم، هەروەها ئەندامانی ماڵەوەمان لەگەڵ هاوڕێ و هاندەرانم پاڵپشتم بوون، تەنیا خۆم بە قەرزاری خوای گەورە و ئەوان دەزانم.

چۆن خۆت بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتییەكە ئامادە كردبوو؟
دوای ئەوەی بڕیاری رێپێدانم درا بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتیی نۆڤیس، بۆ ماوەی شەش مانگ بەشێوەیەكی چڕ دەستم بە مەشق و راهێنان كرد و رۆژانە بۆ ماوەیەكی درێژ لە هۆڵی مەشقكردن دەمامەوە و راهێنانم دەكرد، جگە لەوەش دەبوو بەشێوەیەكی رێك خواردن و خواردنەوە تەواوكارییەكان بەكار بێنم، بەشێوەیەكی گشتی بەرنامەیەكی داڕێژراوی چڕم دەست پێ كرد تا لە كۆتادا توانیم بە باشترین شێوە خۆم بۆ پاڵەوانیەتییەكە ئامادە بكەم.

هەموو ئەمانەیشت هەر لەسەر ئەستۆی خۆت ئەنجام دا؟
تەواوی ئامادەكارییەكانم لەسەر ئەستۆی خۆم بووە و بەشێوەیەكی گشتی لە رۆژانی ئامادەكارییەكانەوە تا بەشداریكردن و گەڕانەوەم، نزیكەی دەفتەرێك و 11 وەرەقە دۆلارم "11 هەزار و 100 دۆلار"م خەرج كرد، هەموو ئەمانەشم تەنیا لەسەر ئەستۆی خۆم بووە.

ئەی لە كاتی گەشت و بەڕێوەچوونی ركابەرییەكانی پاڵەوانیەتییەكە لەسەر ستەیج لە دانیمارك هەستت چۆن بوو؟
راستییەكەی سەرەڕای ئەوەی بڕوایەكی تەواوم بەخۆم هەبوو و بە ئامانجی بردنەوەی جام و ملوانكە بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەكە كردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی گرینگی پێدانم لە پاڵەوانیەتییەكە و بەتایبەتیش لەسەر ستەیج، لە رووی هاندەر و بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەكەمەوە دڵتەنگ بووم، لە بەرانبەردا دەمبینی پاڵەوانی تری بەشداری وڵاتان چۆن پاڵپشتی دەكرێن و گرینگییان پێ دەدرێ و شاند و دەستەی راهێنەر و ستافێكی گەورەیان لەگەڵدایە.

ئەگەر باسی ئەو خەڵاتانە بكەیت كە لە پاڵەوانیەتییەكەدا بەدەستت هێنان؟
سەرەتا من لەسەر كێشی خۆم (100 كگم) بەشداریی ركابەرەكانی دنیام كرد و توانیم پلەی یەكەم لەسەر ئاستی دنیا بەدەست بێنم و ملوانكەی زێڕی پاڵەوانیەتییەكە لە مل بكەم، دواتر لەسەر ئاستی ئەو پاڵەوانانەی پلەی یەكەمیان لە سەرجەم كێشەكان بەدەست هێناوە، دووبارە ركابەریم كرد و لەم پاڵەوانیەتییەش پلەی یەكەمم بەدەست هێنا و جامی پاڵەوانیەتییەكەم بەرز كردەوە.
دوای بەدەستهێنانی ئەم دوو خەڵاتە، ناوبژیوانان سەرسام بوون بە ئاست و تواناكانم، رێیان پێ دام بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی پڕۆ یان نمایشی دنیای (WORLD SHO) بۆ یاریزانە پیشەگەرەكانی لەشجوانی دنیا بكەم، خۆشبەختانە لە ركابەرییەكانی ئەم پاڵەوانیەتییەشدا توانیم ملوانكەی بڕۆنز ببەمەوە.

هەستت چۆن بوو كە ئەم هەموو ملوانكە و جامەت لەسەر ئاستی دنیا بەدەست هێنا؟
راستییەكەی بەدەستهێنانی ئەم ناسناوانە هەستێكی وات پێ دەبەخشێ كە هەرگیز ناتوانی وەسفی بكەیت، ئەوەی دڵخۆشتری كردم ئەوەبوو كە توانیم وەك كورد و خەڵكی كوردستان ئەم پاڵەوانیەتییە جیهانییە بەدەست بێنم و لەناو هۆڵ و لەسەر ستەیج ئاڵای كورستان بەرز بكەمەوە.

دوای بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە جیهانییانە، كە گەڕایتەوە لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی كوردستان چۆن پێشوازی كرای؟
تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت هیچ بەرپرسێكی وەرزشیی كوردستان بەشێوەیەكی گونجاو و فەرمی پێشوازی و پیرۆزبایی لێ نەكردووم، كە گەڕایشمەوە لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر تەنیا ئەندامانی خێزانەكەم و هاوڕێ و هاندەر و كەسە نزیكەكانی خۆم پێشوازییان لێ كردم، لە كاتێكدا چاوەڕێم دەكرد و ئاواتەخوازیش بووم دوای گەڕانەوەم، بەشێوەیەكی گەرم پێشوازی بكرێم و دەستكەوتەكانم بەرز هەڵبسەنگێنن.

واتە گلەییت هەیە؟

رووی گلەیی ئاراستەی یەكێتیی لەشجوانی كوردستان و سەرجەم بەرپرسانی وەرزشی كوردستان و دەزگەكانی راگەیاندن دەكەم كە وەك پێویست و بارتەقای گەورەیی دەستكەوتەكانم لە پاڵەوانیەتیی جیهانی نۆڤس رێزیان لێ نەنام، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش زۆر دڵخۆشم كە توانیم ئەم ناسناوانە بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بێنم و ئەگەر تا ئاستێكی كەمیش بێت خزمەتی نەتەوەكەمی پێ بكەم كە ئەمە بۆ من لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.

جگە لەوەی كە تۆ وەك یاریزان پاڵەوانی كوردستان و نۆڤسی جیهانی بوویت، ماوەیەكی درێژە كاری راهێنەرایەتیش دەكەیت وایە؟.
من ماوەیەكی درێژە كاری راهێنەرایەتی لە هۆڵەكانی وەرزشی دەكەم و خاوەن بڕوانامەی ئاستەكانی A، B، Cی راهێنەرایەتیم، هەروەها بڕوانامەی ناوبژیوانی یاریی لەشجوانیشم هەیە، ئێستەیش هۆڵێكی تایبەتی خۆم لە شارۆكەی خەبات هەیە و چەندان یاریزان و ئارەزوومەند لەسەر دەستی من رۆژانە مەشق و راهێنان دەكەن و رێنوێنیی وەردەگرن بۆ یارییەكانی لەشڕێكی و لەشجوانی. 

ئاواتی چی بۆ وەرزشوانانی هاوشێوەی خۆت دەخوازی؟

ئاواتەخوازم بەرپرسانی وەرزشی كوردستان خزمەتی زیاتری وەرزشوانانی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی بكەن و دەرگەی هاوكاریكردنیان بە روویاندا بكەنەوە، دڵنیام دەیان و سەدان ئازاد حەمزەی تر لەم وڵاتەی من هەن، لە سەرجەم بوارەكانی تری وەرزش بەهرەی زۆر گەورەیان تێدا هەیە و تا ئێستە وەك پێویست هاوكاری و پاڵپشتی نەكراون، دڵنیام ئەگەر پاڵپشتی زیاتر بكرێن، پێتان دەڵێم سەدان ناسناو و ملوانكەی تر لەسەر ئاستی دنیا بەناوی كوردستان بەدەست دێنن.

پێت وایە ئەم دەستەواژەیە راستە كە دەڵێ ئەوەی بە هونەر و وەرزش دەكرێ، بە سەدان هەزار سوپا و تانك و فڕۆكە و سیاسەتمەدار ناكرێ؟

بەڵێ ئەمە زۆر راستە و ئەوەی ئێمە بە سیاسەت و سوپا سەدان ساڵە پێمان نەكراوە و هەمیشە وەك میلەتی كورد چەوساوە بووین، دەتوانین لە سەردەمی كرانەوە و جیهانیبووندا بە وەرزش و هونەر بیكەین، وەرزش ئێستە بووەتە بەشێكی زۆر گرنگی هەموو دنیا و هەمیشە سەرۆك و میلەتان شانازی بە وەرزشوان و پاڵەوانەكانیان دەكەن، ئێمەش وەك كوردستان دەتوانین بە وەرزش زۆر شت بكەین و ناو و ئاڵای پیرۆزی وڵاتەكەمان لە هەموو دنیا بەرز بكەینەوە، وەك ئەوەی من لە پاڵەوانیەتیی جیهانیی نۆڤس توانیم ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە و وەك كوردێك ببمە پاڵەوان لەناو سەرجەم میلەتانی دنیادا.

پێم وایە بە وەرزش دەتوانین زۆر شت بكەین و لەم رێیەوە دەتوانین خزمەتی گەورە بە ناوی كورد و كوردستان بكەین و ئاڵای كوردستانیش لەناو سەرجەم ئاڵاكانی تری دنیا بەرز بكەینەوە، بەڵام بەو مەرجەی وەرزشوانان و بەهرەداران هاوكاری زیاتر بكرێن و هان بدرێن بۆ سەركەوتن.

بەنیازیت لە داهاتوودا بەردەوام بیت و بەشداریی پاڵەوانیەتییەكانی تر بكەیت؟

بەڵێ بڕیارم داوە كۆڵ نەدەم و سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكان، لە هۆڵە بچووكەكەی خۆمان لە شارۆكەی خەبات لە مەشق و راهێنان بەردەوام بم و نیازیشم هەیە دوای سەركەوتنەكانم لە پاڵەوانیەتیی جیهانی نۆڤیس، بەشداریی لە پاڵەوانیەتییەكانی (مستەر ئۆڵەمپی) بكەم و هەروەها هەوڵ بدەم لە پاڵەوانیەتیی گەورەی ئەمەریكاش بەشداربم.

پاڵەوانیەتیی لەشجوانی ئەمەریكا پاڵەوانیەتییەكی گەورەیە لەسەر ئاستی دنیا، پێت وایە بتوانی لەم پاڵەوانیەتییەدا پاڵەوانە گەورەكانی دنیا ببەزێنی؟

هەمیشە بڕوام بەخۆم هەبووە و پشت و پەنا بە خوای گەورە دەبەستم و دڵنیام دەتوانم لە پاڵەوانیەتیی ئەمەریكاش پلەی یەكەم و ملوانكە ببەمەوە و دووبارە ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەرز بكەمەوە، بەڵام بەو مەرجەی لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی كوردستانەوە هاوكاری و پاڵپشتی بكرێم، چونكە ئەم پاڵەوانیەتییە ئامادەكاری زۆری دەوێ و پێویستی بەخەرجییەكی زۆر هەیە، بەتایبەتی لە رووی خواردنە تەواوكارییەكان، رەنگە ئەمەش تەنیا بە خۆم نەكرێ و بە دڵنیاییەوە لە سەرووی توانا داراییەكانمەوە بێت، بەڵام تا كۆتا لە هەوڵدان ناوەستم.

زانیومانە لە ماوەی رابردوو چارەسەری سروشتیت بۆ پێشمەرگە بریندارەكان كردووە؟

بەڵێ لە ماوەی رابردوودا لە هۆڵەكەی خۆم بە خۆڕایی چارەسەری سروشتیم بۆ چەندان پێشمەرگەی برینداری شەڕی تیرۆریستی داعش كردووە كە لە سەنگەرەكانی بەرگریی كوردستان بریندار بوونە و پێویستیان بە چارەسەری سروشتی هەبووە، خۆشبەختانەش بەشی زۆریان چاك بوونەتەوە و وەك جاران چەكی شەرەفمەندانەیان لە شان كردووەتەوە، لێرەیشەوە دەڵێم هەر برا پێشمەرگەیەك و هاووڵاتییەكی كەمئەندام پێویستی بە چارەسەری سروشتی هەبێت، ئامادەم بێ بەرانبەر خزمەتی بكەم.

لە كۆتادا داواكارییەكی تایبەت هەیە؟

رووی داواكاری یەكەمم ئاراستەی بەرپرسانی وەرزشی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانە و داوایان لێ دەكەم، زیاتر بێنە خوارەوە و لە یاریی لەشجوانیدا وەرزشوانان و هۆڵە وەرزشییەكان بەسەر بكەنەوە و لە كەموكوڕییەكانیان بپێچنەوە، هەروەها داوایان لێ دەكەم دەستی وەرزشوانان و بەهرەداران بەگشتی بگرن و پاڵپشت و هاوكاریی زیاتریان بكەن، دڵنیاشیان دەكەمەوە كە لەم كوردستانەدا بەسەدان ئازاد حەمزە هەیە و ئەگەر پاڵپشتی و هاوكاری بكرێن، دەستكەوتی گەورە بۆ كوردستان بەدەست دێنن، جگە لەوەش بەمشێوەیە بۆ داهاتوو دەتوانن سەدان وەرزشوانی جیهانی دروست بكەن.
هەروەها داوا لە دەزگەكانی راگەیاندنیش دەكەم گرنگی زیاتر بە وەرزشییە تاكییەكان بدەن نەك تەنیا تۆپی پێ و یارییە كۆمەڵەییەكان، بەهاندان و هاوكاری ئێوە دەتوانن خزمەتی زیاتر بە شار و وڵاتەكەیان بكەن، سوپاسی تایبەتی دەزگە و رۆژنامەی "وشە"ش دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە.
















وشە - ئامانج ئه‌كره‌م