ناوی براوەی باڵۆن دۆڕ ئاشكرا بووە

:: AM:11:20:28/11/2018 ‌

سەرچاوەیەكی میدیایی ئیسپانی ناوی ئەو یاریزانەی ئاشكرا كرد كە خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆڕ)ی وەك باشترین یاریزانی 2018ی جیهان بردۆتەوە.

رادیۆی (ئۆندا سێرۆ) ئاشكرای كرد: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی دەستی كەوتووە 3 یاریزان بۆ لیستی كۆتایی خەڵاتی باڵۆن دۆڕا پاڵێوراون كە ئەوانیش برێتین لە لوكا مۆدریچ، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئەنتوان گریزمان.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ناوی لە لیستی كۆتایی پاڵێوراوەكانی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ نییە.

جەختیشی كردەوە كە لوكا مۆدریچی كڕواتی و ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید لە ریزبەندی یەكەمی باشترین یاریزانەكان ناوی تۆمار كراوە و براوەی خەڵاتەكەیە، رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی یۆڤێنتۆسیش لە ریزی دووەم و گریزمانیش لە ریزی سێیەم.

جێی باسە بڕیارە كۆواری فڕانس فوتباڵ رۆژی 3ی مانگی داهاتوو ناوی براوەی خەڵاتەكە ئاشكرا بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م