سارا دۆسكى ئه‌و ژنه‌ى له خۆشترین ژیاندا كه له ئه‌وروپا ده‌ژیا, كاری خێرخوازى و هاوكاریى خه‌ڵكی هه‌ڵبژارد و ماوه‌ى چوار ساڵه به‌رده‌وام خزمه‌تى پێشمه‌رگه و ئاواره‌كان ده‌كات و له یه‌كه‌م رۆژى چوونى پێشمه‌رگه‌یش بۆ كۆبانى یاوه‌ری كردن. سارا له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له كاره‌كانی و هه‌وڵه‌كانی بۆ بههانهوچوونی لێقه‌وماوان ده‌كات و هه‌ندێك وێستگه‌ى ژیانى خۆى روون ده‌كاته‌وه.
سارا دۆسكى كێیه؟
من سارا محه‌مه‌د حه‌سه‌ن محه‌مه‌د سه‌لیمم و له ساڵى 1961 هاتوومه‌ته دنیاوه، له ساڵى 1975 دواى نسكۆى شۆڕشى ئهیلوول، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م ئاواره‌ى ئێران بووین, له ساڵى 1979 دواى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى ئێران، جارێكى تر گه‌ڕاینه‌وه رۆژهه‌ڵاتى كۆردستان و له ئۆردوگاى زێوه وه‌ك برینپێچ خزمه‌تى خه‌ڵكى كوردم ده‌كرد, له ساڵى 1988 به‌شدارى داستانى خواكوڕك بووم له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه، دواتر له ساڵى 1989 له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م به‌ره‌و سوید رۆیشتین و له ساڵى 1991 گه‌ڕاینه‌وه كوردستان بۆ به‌رده‌وامیدان به خزمه‌ت و خه‌بات .
چه‌ند رۆژێك دواى داگیركردنى شنگال له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى ئیسلامى داعش له رێكه‌وتى هه‌شتی ئاب/ئۆگستسی 2014, جارێكى تر گه‌ڕامه‌وه كوردستان و هه‌موو خۆشییه‌كى ئه‌وروپام له‌پێناو نیشتمانه‌كه‌م به‌جێهێشت, یه‌كسه‌ر رووم كرده چیاى شنگال بۆ خزمه‌تى كوردانى ئێزیدى و پێشمه‌رگه و ماوه‌ى شه‌ش مانگ له‌لایان مامه‌وه.
چۆن پێناسه‌ى پێشمه‌رگه ده‌كه‌یت و له‌به‌رچى كاركردن له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ت هه‌ڵبژارد؟
پێشمه‌رگه سیمبۆلى دنیایه بۆ ئازادی و به درێژایى مێژوو له‌و شاخ و چهپهرهدا بوون و به‌رانبه‌ر ناخۆشى ژیان وه‌ستاون بۆ ئازادیی گه‌له‌كه‌یان، بۆیه كاتێك ئه‌وان ده‌بینم، هه‌ست به گه‌ڕانه‌وه‌ى گه‌رمى باوكى خۆم ده‌كه‌م و ئاماده‌م گیانى خۆم فیداى پێشمه‌رگه بكه‌م.
پێشمه‌رگه به‌رده‌وامیدانه به رێبازى پیرۆزى كوردایه‌تى و شۆڕشگێڕى, به‌هه‌موو جوانى و رێزه‌وه پێناسه‌ى پێشمه‌رگه ده‌كه‌م كه باوكم و مامم هه‌ردووكیان پێشمه‌رگه‌ى هه‌مان رێبازی كوردایه‌تی و شه‌هیدى ئه‌م وڵاته‌ن, من له خێزانێكى پێشمه‌رگه‌دا په‌روه‌رده بووم و نانم له‌گه‌ڵیان خواردووه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه خۆم به پێشمه‌رگه ده‌زانم و هه‌ستى پێشمه‌رگایه‌تى له ناخمدا رواوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كارى برینپێچى له كه‌مپی ئاواره‌كان ده‌كه‌ى، كارى خێرخوازیش ئه‌نجام ده‌ده‌ى، ئه‌مه چۆنه؟
له‌گه‌ڵ كارى رۆژانه‌ى خۆم كه هه‌موو رۆژێك سه‌ردانى كه‌مپه‌كان ده‌كه‌م و برینى ئاواره‌كان ساڕ‌ێژ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ خزمه‌تكردنى پێشمه‌رگه‌كان, زۆر جاریش هاوكارى ئاواره‌كان و خێزانه هه‌ژاره‌كان ده‌كه‌م، پێداویستى له خێرخوازانى سوید وه‌ك جلوبه‌رگ و داوده‌رمان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات به ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌گوازمه‌وه كوردستان بۆیان و خه‌رجى گواستنه‌وه‌یش منداڵه‌كانى خۆم له ئه‌ستۆی ده‌گرن یان خێرخوازانى سوید.
خێزانت له ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن كه سێ كوڕ و كچێك و هاوسهرتن، تۆ كه له كوردستان كار ده‌كه‌ی، نه‌بووه‌ته كێشه بۆت؟
سوپاس بۆ خوا كه ئه‌و هێز و توانایه‌ی پێ به‌خشیم و توانیم ئه‌ركى خێزان و منداڵه‌كانى خۆم جێبه‌جێ بكه‌م، منداڵه‌كانم بگه‌یه‌نم به‌و قۆناغه‌ى بڕوایان به خۆیان هه‌بێت و پشت به تواناى خۆیان ببه‌ستن، تا ئه‌وانیش له داهاتوو ببن به تاكى بنیاتنه‌ر, هه‌ر له‌به‌رئه‌وه به هاوكاریى ئه‌وان و به‌تایبه‌تى هاوسه‌رم، توانیم ئه‌م قۆناغه‌ى ته‌مه‌نم بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى خۆم ته‌رخان بكه‌م.
ژنى كورد چۆن ده‌بینى؟ ئایا ئه‌وان توانیویانه وه‌ك پیاو جێى خۆیان له هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا بكه‌نه‌وه؟
روڵى ژنى كورد باش و به‌رزه، پێم وایه تا ئاستێكی باش توانیویانه جێى خۆیان له‌ناو كومه‌ڵگه‌ى كوردیدا بكه‌نه‌وه و له بوارى جیاجیادا رۆڵ ببینن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش بۆ پیاوى كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه كه باوه‌ڕى پێ داون و زه‌وینه‌ى بۆ خۆش كردوون كه ئه‌وانیش شانبه‌شانى پیاو بێ جیاوازى كار بكه‌ن.
هیواو ئاواتت بۆ ئاینده چییه؟
وه‌ك هه‌ر تاكێكى كورد كه ژیانى زۆر سه‌خت و ئاواره‌یى و شه‌ڕى بینیوه، ئاواتى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و به‌رزى ئاڵاكه‌مان له‌گه‌ڵ ئاڵاى وڵاتان ده‌خوازم.
وشه/ دیمانه- دێژین سدقی