شەوی یەڵدا و دیاردەكانی ناو ئەمشەوە، بازاڕی پڕتەقاڵ دەجووڵێنێت نەریتێكی كۆن زیندوو دەكاتەوە.
لە كۆندا باوە لە شەوی یەڵدا هەر كچێك توێكڵی پڕتەقاڵ لە گیرفانی یان لە ژێر پشتێنی هەڵبگرێت، ئەوا ئەم كچە هەر كوڕێكی مەبەست بێت دەبێتە هاوسەری، هەروەها هەر كوڕێك بتوانێت خوێ بكاتە ناو پێڵاوی كچێك، دەتوانێت ئەم كچە بەدەست بێنێت.
ئارام سەردار توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر ئەم دیاردەیە بۆ "وشە" دەڵێت، ڕەنگی پڕتەقاڵی ڕەنگێكی گەشە، ئاسوودە بەخشە لەڕووی دەروونییەوە، ئەوانەی پەنا بۆ ئەم دیاردەیە دەبەن، بۆ ئاسوودە بەخشینە بە دڵ و دەروونیان دەنا هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.
ئەم توێژەری كۆمەڵایەتییە ئاشكرای دەكات، زیندووكردنەوەی ئەم دیاردانە تەنیا بەخشینی هیوایەكە بە ناخی مرۆڤەكان، بەهەمان شێوە بۆ كوڕان خوێكردنە ناو پێڵاوی كچان خۆی ئەمە لە كوردەواری بۆ بەڕێكردنی میوانێكی بێزاركەر بەكار دێت بۆ ئەوەی زوو بڕوات، ئەمەش ڕەنگە بۆ ئەوە بێت ئەم كچەی پێ بدرێت.
نزار ئەبوبەكر فرۆشیارێكی پڕتەقاڵ لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بۆ "وشە" دەڵێت، دوێنێ فرۆشتنی پڕتەقاڵ لەگەڵ ڕۆژانی تر جیاوازییەكی هەبوو، فرۆشی باشتر بوو لە ڕۆژان، بەڵام بەشێوەیەك نەبووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس دەكرێت پڕتەقاڵ لە بازاڕ نەماوە.
شەوی یەڵدا كە درێژترین شەوی ساڵە و دەسپێكی یەكەم ڕۆژی زستانە، لە كۆمەڵگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چەندان بۆنە و شێوەی جیاواز ئەم یادە دەكەنەوە.