ئەمڕۆ لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چوار فڕاكسیۆن كە پێك هاتبوون لە "یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ" ئەنجام درا.
ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشداربووی كۆبوونەوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیار درا چ یاسایەك دەرچوو پەرلەمانتارە كوردەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێی بكەن ئینجا بڕیار لەسەر دەنگدان و دەنگ نەدانی بدەن، واتا هەماهەنگییەكی نوێ لە نێوانمان دروست بێت.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی دروستكردنی لیژنە دەڵێت، دروستكردنی لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكوومەت و ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر درا.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئاشكرای دەكات، پێكهێنانی لیژنەكە بۆ كۆبوونەوەیەكی تر دوا خرا، چەند دانیشتنێكی تر لە نێوانمان ئەنجام دەدرێت، حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكە پێیان ڕاگەیاندین ئامادەن بێن لە بەغداش ڕوونكردنەوە بدەن و كۆنفرانس بۆ عەرەبەكان بكەن بۆ تێگەیاندنیان لە یاسای نەوت و غاز.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2017 پێك هاتووە لە بڕی 79 تریلیۆن دینار، ڕێژەی %17 بۆ كورد بە مەرجێك دیاری كراوە كە پشكی كۆمپانیاكان و داهاتی گومرگەكانی لێ بهێندرێتە دەرەوە، بەو هۆیه شەوە هەرێمی كوردستان 513 ملیۆن دۆلاری بۆ دەنێردێت بەبێ دەرهێنانی خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت و داهاتی ناوخۆ و گومرگەكان.