ئەمەریکا: لە وتوێژداین بۆ دەرکردنی پەکەکە لە عێراق

:: PM:05:33:21/12/2016 ‌
باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بەداخەوەیە بۆ بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر خاکی عێراق و ئاماژە دەکات کە ئەمەریکا لە وتوێژدایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی پەکەکە لەو وڵاتەدا.

دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەغدا رای گەیاند کە ئەمەریکا بەداخەوەیە بۆ بوونی ئەندامانی پەکەکە لەسەر خاکی عێراق و دووپاتیشی کردەوە کە ولاتەکەی پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات.

ئاماژەی کرد کە ئێستە ئەمەریکا خەریکی وتوێژە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی ئەو رێکخراوە لە خاکی عێراق، چونکە ئەوان کاریگەرییان بۆسەر عێراق و تورکیا هەیە.

سیلیمان جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو وڵاتانی دراوسێی عێراق ویستی سەقامگیری دۆخی ئەو وڵاتانەیان هەیە، منیش بەو پێیەی کە پێشتر باڵوێزی ئەمەریکا بووم لە هەریەک لە کوێت و تورکیا و ئوردن چاوم بە سیاسەتوانانی ئەو وڵاتانە کەوت و ئەوەیان دووپات کردووەتەوە.

هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی ناوەخۆیی شارۆکەی شنگال لە رۆژئاوای شاری مووسڵ ئاشکرای کرد کە گەورە دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکایی سەردانی شنگالی کردووە بۆ ئاشنابوون بە کاریگەریی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکە بۆسەر زێدی خۆیان و دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی دانانی میکانیزمێک دەدات بۆ دوورخستنەوەی پەکەکە لە شنگال. 

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال لەو بارەوە روونی کردەوە کە لە ماوەی ئەم هەفتەدا لەگەڵ کین گرۆس کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و باسی دۆخی شارۆکەکە و چۆنیەتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال کە تا ئێستە لە کەمپەکانی هەرێم ماون کراوە، لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئازادکردنەوەی لە داعش. 

زیاتر گوتی، بە کونسوڵی ئەمەریکامان راگەیاند کە هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ بوونی چەکداران و هێزە نایاسایی لە شارۆکەکە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و روونی کردەوە کە داوامان لە کونسوڵی ئەمەریکا کرد کە پێویستە ئەو چەکدارانە لە شنگال بچنە دەرەوە و بۆمان دەرکەوت ئەمەریکا بەدوای میکانیزمێکە بۆ دوورخستنەوەیان. 

لای خۆیەوە نایف سیدۆ بەڕێوەبەری شارەدێی سنون سەر بەشارۆکەی شنگال رای گەیاند کە کونسوڵی ئەمەریکا سەردانی شارەدێکەی کردووە و لە هۆکاری نەگەڕانەوە و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکەی کۆڵیوەتەوە لەوانە رۆڵی حکوومەتی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و رۆڵی پەکەکە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال. 

زیاتر گوتی، بەبەرپرسە ئەمەریکاییەکەمان راگەیاند کە هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ بوونی چەکدارانی پەکەکە دەگەڕێتەوە کە ئەو خەڵکە ترسیان لەوە هەیە ئەوان کار لە مندال و لاوانیان بکەن و بەفیڵی جیاجیا بیانبەنە ریزەکانی خۆیان.

پارتی کرێکارانی کوردستان رووداوەکانی 3ی ئابی 2014ی بەهێرشی داعش بۆسەر شنگال و دەوروبەری کە زۆرینەیەکی کوردی ئێزدی تیادا دەژی، قۆستەوە چەکدارانی لە خاکی سووریاوە بۆ ناوچەکە بەپاساوی جەنگی داعش بڵاو کردەوە کە ئێستە چەند بارەگەیەکیان لەوێ کردووەتەوە و ژمارەیان لە شنگال نزیکەی 500 چەکدار دەبێت.  

چاودێران پێیان وایە کە مەبەست لە دامەزراندنی ئەو هێزانەی پەکەکە و پەیەدە لە ناوچەی  شنگالی سنووری لە نێوان عێراق و سووریا و بەستنەوەی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی (شیعە)وە، پێوەستە بە ئەجیندای ئێرانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و بەستەوەی راستەوخۆی ئێران و سووریا لە رێگەی وشکانییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی کرێکارانی کوردستان بەتوندی پاڵپشتی لەو هەوڵانەی ئێران دەکات.  

سەرچاوە: غەد پرێس، عەرەبی ئەلجەدید


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل