سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی كەنەدا، هەماهەنگیی دوولایەنە تاوتوێ دەكەن و داوا له میوانان كرا له ههرێمی كوردستان وهبهرهێنان بكهن.
ئهمڕۆ چوارشهم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لهگهڵ "هارجیت ساجان" وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كۆبووهوه و تێیدا ساجان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، خۆڕاگر بوونە و لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشوەچوونی باشیان بەدەست هێناوە. سوپاسی پێشمەرگەشی كرد كە لەگەڵ پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدی هاوكارییەكی باشیان هەیە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ دابینكردنی هاوكاریی پێویست، نیشان دا.
ههر وهك له ڕاگهیاندراوی ماڵپهڕی سهرۆكایهتیی حكوومهتدا هاتووه، سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیشی بە هاندەرێكی باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی زانی كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و وەبەرهێنانی تیادا ئەنجام بدەن و حكوومەتی كەنەداش لەمباریەوە دەتوانێت وەبەرهێنەرانی هان بدات. تیشكیشی خستە سەر پلانێكی گشتگیر بە بەشداریی هەموو لایەنەكانی عیراق و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ تاكو سەقامگیری لە ناوچەكە دروست بێت و متمانە بۆ خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی كەنەدای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و پسپۆڕانی مەشق و ڕاهێنانی كەنەدی بەرز نرخاند، هەروەها هیوای خواست هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە، چونكە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هاتنیشیان بەردەوامە.
دەربارەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، ئاشكرای كرد كە لەڕووی سەربازییەوە هەماهەنگییەكی زۆر باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییەشی دووپات كردەوە. سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیشی كرد بۆ هاوكارییە مرۆییەكانیان لە ڕابردوودا و هیوای خواست لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە هاوكار بن، هەروەها بە پێویستی زانی پلانێكی گشتگیری سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ و گەڕاندنەوەی متمانە و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەكە و شادبوونیان بە زێدی باب و باپیرانیان، هەبێت.
سەبارەت بە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕەوشی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرهێنان لە ئێستا و لە داهاتوودا هەیە بە شێوەیەك ئەم دەرفەتە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی عیراق بگوازرێتەوە و لەمبارەیەشەوە دەكرێت هەر لە ئێستاوە زەمینەسازی بكرێت. داوای لە شاندی میوانیش كرد كۆمپانیا كەنەدییەكان هان بدەن تاكو لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.