عێراق.. دانیشتنی سبەی پەرلەمان یەكلاكەرەوە دەبێت

:: PM:10:11:05/12/2018 ‌

پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی سبەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە دانیشتنەكە تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكوومەت لەخۆ دەگرێت، لەو كاتەی پەرلەمانتارانی فەتح دووپاتی دەكەنەوە كە دانیشتنی سبەی پەرلەمان یەكلا كەرەوەیە و ئەوان دەستبەرداری كاندیدكردنی فالح فەیاز نابن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە كارنامەی دانیشتنی سبەی پەرلەمان تاوتوێكردنی پەرەسەندنی پێكهێنانی حكوومەت لەخۆ دەگرێت، جیا لە چەند خاڵێكی تری پێوەست بە دۆخی عێراقەوە، لەو كاتەی دوێنێ سێشەم پەرلەمان نەیتوانی هەشت وەزارەتی بەتاڵی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی پڕ بكاتەوە و دانیشتنەكە بۆ سبەی دواخرا.

لەو كاتەی دوێنێ فراكسیۆنەكانی سائیروون و نەسڕ و حیكمە و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە دانیشتنەكە پاشەكشەیان كرد و نیسابی پێویست بۆ سازكردنی دانیشتنیان نەهێشت، غەیاس سوورچی، بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر كاندیدی خۆی بۆ وەزارەتی داد سوور بێت لە دانیشتنی سبەی و كاندیدكردنی خالید شوانی رەت بكاتەوە، هەمان سیناریۆی دوێنێ دووبارە دەبێتەوە و نیسابی یاسایی تەواو نابێت.

ئەم ئێوارەیە لایەنەكانی هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار كۆبوونەوەیەكیان بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم لە بەغدا ساز كرد كە هەموو سەرانی پێكهاتەكانی ئەو هاوپەیمانیەتییە ئامادەی بوون، لەو كۆبوونەوەی حەكیم ستایشی هەڵوێستی دوێنێی هاوپەیمانیەتییەكەی كرد لە پەرلەمان و بڕیاریشە ئەو بابەتە زیاتر تاوتوێ بكەن.

ئینتسار مووسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری رای گەیاند كە كاندیدی هاوپەیمانیە تییەكەیان بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ فالح فەیازە و ناگۆڕدرێت، دووپاتیشی كردەوە كە دانیشتنی سبەی پێنجشەمی پەرلەمان یەكلا كەرەوە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی كاندیدانی هەشت وەزارەتەكە بە زۆرینەی دەنگ.

زیاتر گوتی، لە دانیشتنی سبەی دووبارە ناوی فەیاز وەك كاندیدی ناوخۆ دەخرێتە روو، بۆیە دانیشتنی سبەی یەكلاكەرەوەیە و سازیش دەكرێت و دوای تەواوبوونی نیساب و بە زۆرینە دەنگ لەسەر كاندیدان دەدرێت، روونی كردەوە، ئەو ناڕەزایەتییانەی دوێنێ و نەهێشتنی نیسابی دانیشتنەكە، نابنە رێگر لەبەردەم تێپەڕاندنی كاندیدان، هەروەها سبەی هیچ گۆڕانكارییەك لە كاندیدان نابێت.

لای خۆیەوە محەمەد كەریم، پەرلەمانتارێكی تری هاوپەیمانی فەتح گوتی، رەتكردنەوەی هاوپەیمانی ئیسڵاح بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن فالح فەیازەوە كردنەئامانجی سیاسییە، روونی كردەوە، سەرۆك وەزیران تەواوكاری كابینەی حكوومەتەكەی لە دانیشتنی سبەی دەخاتە دەنگدانەوە بێ گۆڕانكاری.

كەریم روونی كردەوە، رەتكردنەوەی ئیسڵاح بۆ فەیاز بەهۆی بێتوانایی ئەو نییە، بەڵكو بەهۆی پاشەكشەكردنیەتی لە هاوپەیمانیەتییەكە و چوونیەتی بۆ ناو هاوپەیمانیەتی بینا و شكستهێنان بە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانە، بۆیە كردنەئامانجێكی سیاسییە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە فەتح چوار كاندیدی بۆ وەزارەتی ناوخۆ داوەتە عەبدولمەهدی لەوانە فالح فەیاز، بۆیە رەنگە كەسێكی تر لە شوێنی بێتە كاندیدكردن، دووپاتی كردەوە كە هەڵگەڕانەوەی دوێنێی هاوپەیمانی ئیسڵاح وادەكات سبەی زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگ بە فەیاز بدەن، چونكە تا ئێستە عەبدولمەهدی هیچ گۆڕانكارییەكی لە كاندیدانی هەشت وەزارەتەكە نەكردووە، بۆیە سبەی ئەوان وەك خۆیان دەخرێنە روو.

بەپێی سەرچاوەكانی پەرلەمانی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای شكستهێنانی دانیشتنەكە و خستنەرووی كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكانی بە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی گوتووە، جارێكی تر بەو شێوەیە ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نابم و خۆم ناخەمە هەڵوێستی تاوانكار یان هەل نادەمە ئاژاوەگێڕەكان بۆ ئەوەی دووبارە ئەو كارە بەروومەوە بكەن. وەك ئاماژەیەك بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمان.

لەو كاتەی ئەو لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی رای گەیاند كە ئامادەیە بۆ پێشكەیشكردنی ناو لیستی نوێی كاندیدانی هەشت وەزارتە بەتاڵەكە، ئەگەر فراكسیۆنەكان لەسەریان رێكبكەون، بۆیە ئامادەیە بۆ هاتنە پەرلەمان بۆ خستنە رووی لیستی كاندیدانی لەو كاتەی پەرلەمان دیاری دەكات.

تاریق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق لە ئەگەری درێژەكێشانی ئەو دۆخە كە رەنگە وا بكات بۆ راگەیاندنی حكوومەتی فریاگوزاری گوتی، دەستووری عێراقی رێگە بە حكوومەتی فریاگوزاری نادات، تەنانەت لەكاتی چوونە ناو دۆخی جەنگیشەوە، بەڵام دەكرێت بڵێن بواری گۆڕانكاری لە حكوومەت هەیە، پێم وایە لە یەكەم ساڵدا ئەگەرێكی دوورە و رەنگە بكەوێتە دووەم ساڵی تەمەنی حكوومەت، جیا لەوە دەستوەردانی دەرەكی لەو بابەتەدا هەیە و ئەو كارەیش لە عێراق بە گشتی هەیە، بەڵام رەنگە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی ئێستە لە پەرلەماندا روو دەدات.

حەرب دووپاتی دەكاتەوە كە باوەڕ ناكەم لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان كابینەكەی عەبدولمەهدی یەكلا بكرێتەوە، چونكە كات نەماوە و رێككەوتن نەكراوە، بۆیە دانیشتنەكە دوا دەخرێت، بەتایبەتی ئەوەی دوێنێ رووی دا شتێكی گەورە بوو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل