لە لوتكەی خولی ئینگلیزی مانچستەر یونایتد و ئارسناڵ یەكسان بوون


شەوی رابردوو لە یاریی لوتكەی گەڕی 15ی خولی نایابی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆڕد هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و ئارسناڵ یەكسان بوون.

یارییەكە بە یەكسانبوونی هەردوو یانە بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ كۆتایی هات.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هەردوو یانەكە گۆڵێكیان تۆمار كرد، یانەی ئارسناڵ لە رێگەی بەرگریكارە ئەڵمانییەكەی شكۆردان موستافی بە لێدانی سەر لە خولەكی 16 گۆڵی یەكەمی یارییەكەی تۆمار كرد، دواتر هێرشبەری فڕەنسی ئەنتۆنی مارسیال لە خولەكی 30 گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كردەوە.

لە گێمی دووەمیشدا لە خولەكی 68 ئەلیكساندەر لاكازێتی هێرشبەری فڕەنسی گۆڵێكی تری بۆ یانەی ئارسناڵ تۆمار كرد، دوای تێپەڕبوونی تەنیا یەك خولەك جیسی لینگارد گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كردەوە.

بەم ئەنجامە یانەی مانچستەر یونایتد ژمارەی خاڵەكانی بۆ 23 و ریزبەندی هەشتەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی بەرز كردەوە، یانەی ئارسناڵیش بە 31 خاڵ بۆ ریزبەندی پێنجەمی یانەكان دابەزی.

هەر لە شەوی رابردوودا لە گەڕی 15ی خولی نایابی ئینگلیزی یانەی چێڵسی تووشی شكستێكی چاوەڕواننەكراو بووەوە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی وڵڤەرهامبتۆن، یانەی تۆتنهامیش بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی ساوتهامبتۆنی بردەوە، هەروەها یانەكانی فولهام 1-1 لیستەر سیتی و ئێڤەرتۆن 1-1 نیوكاسل یەكسان بوون.

بەمەش یانەی تۆتنهام بە 33 خاڵ هاتە ریزبەندی سێیەمی یانەكان و یانەی چێڵسیش بە 31 خاڵ لە ریزبەندی چوارەم مایەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:09:24:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 20 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌