رۆناڵدۆ داوەتنامەیەكی پێرێزی رەت كردەوە

:: AM:09:50:06/12/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی داوەتنامەیەكی سەرۆكی یانەكەی پێشووی فلۆرەنتینۆ پێرێزی رەتكردۆتەوە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید داوەتنامەیەكی فەرمی پێشكەش بە رۆناڵدۆ كردبوو بۆ ئامادەبوون لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەمەبەستی سەیركردنی یاریی گەڕانەوەی كۆتایی جامی لیبەرتادۆریس (سوپەر كلاسیكۆ) لەنێوان هەردوو یانەی ركابەری ئەرجەنتینی بۆكا جۆنیۆرز و رێڤەر بلێت كە بڕیارە یەكشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی یانەی ریال مەدرید بێتە ئەنجامدان.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ داوەتنامەكەی پێرێزی رەتكردۆتەوە و جەختی كردۆتەوە كە جارێ نایەوێ بگەڕێتەوە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

رۆناڵدۆ هاوینی رابردوو دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدردید، ئەو یانەیەی جێهێشت و پەیوەندی بە خولی ئیتاڵیا و یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.

كەسێكی نزیك لە رۆناڵدۆ بە رۆژنامەی (ئاس)ی راگەیاندووە: كات زووە رۆناڵدۆ بگەڕێتەوە بێرنابیۆ لەبەر ئەوەی برینەكانی هێشتا سارێژ نەبووە، رۆناڵدۆ خۆی زۆر پێی خۆش بووە لەتەك لیۆنێل میسی سەیری یاریی كۆتایی سوپەر كلاسیكۆ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەو ناتوانێ ئامادەی بینینی یارییەكە بێت.

تا ئێستاش بەشێكی زۆری هاندەرانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە كریستیانۆ بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پێرێز یانەی شاهانەی جێهێشت بەتایبەتیش سەبارەت بە مووچەی ساڵانەكەی كە داوای دەكرد هاوشێوەی میسی لێ بكرێ كە 30 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ، لەبەرامبەریشدا سەرۆكایەتی یانەی شاهانە ئامادەنەبوون مووچەكەی زیاد بكەن كە 22 ملیۆن یۆرۆ بوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م