بابەتی VIPـیەكەی هەولێر كەوتە دادگا

دوای بڵاوكردنەوەی شوێنی VIP لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ كاروباری ئەو كەسانەی دەیانەوێت مامەڵەی ئۆتۆمبێلەكانیان بەخێرایی بۆ بكرێت، دەنگی ناڕەزایی بڵاو بووەوە و پارێزەرێكیش دەڵێت ئەمڕۆ سكاڵامان تۆمار كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم، ڕێبین سەباح كە پارێزەرێكی شاری هەولێرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یاداشتێكی تۆماركردنی سكاڵا دەگەیەنینە دەستەی مافی گشتی داواكاری گشتی لە هەولێر لەسەر كردنەوەی شوێنی vip لە هاتوچۆی هەولێر.

ئەو پارێزەرە گوتی، سكاڵاكەمان لەبارەی ناڕەزاییبوون و نایاساییبوونی دانانی هۆڵی VIP لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێرە كە ئەمە پێچەوانەی یاسای هاتوچۆیە، هەروەها دروستكردنی جیاكارییە لە نێوان هاووڵاتییان.

هاوكات شەوی ڕابردوو دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە بەیانێكی ناڕەزایی ئەوەی ئاشكرا كرد كە كردنەوەی شوێنی vip بۆ كاروباری هاووڵاتییان پێچەوانەی یاسایە و پێویستە ڕابگیرێت.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشكرای كردووە، كردنەوەی ئەو شوێنە جیاكاری دروست دەكات لەناو هاووڵاتییان و نابێت كارێكی لەو شێوەیە بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕۆژی چواری كانوونی یەكەم بڵاوی كردەوە كە ئێستە لە هاتوچۆی هەولێر شوێنێكی نوێ‌ كراوەتەوە بۆ كاروباری هاووڵاتییان كە بڕی 100 هەزار دینار زیاتر دەدەیت تا كارەكانت بەخێرایی ڕایی بكرێت.




وشە - رامیار جەواد


AM:09:50:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌