لە ئێران تەقینەوەیەکی گەورە رووی دا

:: AM:10:57:06/12/2018 ‌

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ئێران "ئیرنا" ئاشکرای کرد چەند خولەکێک لەمەوبەر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تەقینەوەیەک رووی داوە و پێ دەچێت هێرش کرابێتە سەر بنکەیەکی هێزی پۆلیسی ئەو پاریزگایە.

 

رەحمدێل بامێری قایمقامی چابەهار ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە تیرۆریستییە و بە ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر ناوەندی پۆلیسی چابەهار. هاوکات جێگری پارێزگاری سیستان و بەلووچستانیش رووداوەکەی پشتراست کردووەتەوە.

 

 هەندێک لە سەرچاوەکانی ئێران باس لەوە دەکەن تەقینەوەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە جامی باڵەخانەکانی دەوروبەری بنکەی پۆلیسی شکاندووە.

"فارسنیوز"یش ئاشکرای کرد کە بەهۆی تەقینەوەکە تا ئێستە سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکی تر بریندار بوون.


لە چەند ساڵی رابردوودا پارێزگای سیستان و بەلووچستان پارێزگایەکی نائارام بووە و چەندین هێرشی چەکداری لەم پارێزگایە رووی داوە.

 

پێویستە بگوترێت بەلووچەکان لە ئێران جگە لە کێشەی مەزهەبی کێشەی نەتەوییان هەیە  و هەندێک حزب دروست بوون کە حکوومەت بە نایاساییان دەناسێت و داوای مافە نەتەوەییەکانیان لە حکوومەتی ئیران دەکەن. زۆر جار رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ئەو حزب و گرووپانە و سوپای ئێران رووی داوە.

 

ئەوان چالاکی سەربازییان لە دژی ئێران دەست پێ کردووە و حکوومەتی ئێرانیش بە گرووپی تیرۆریستی ناویان دەبات.

 

هیشتا دیار نییە کێ لە پشت تەقینەوەکەی ئەمڕۆی سیستان و بەلووچستانە.



وشە - سلێمان تاشان