بەشی VIPـی یەكەی هەولێر داخرا

:: AM:10:58:06/12/2018 ‌
دوای بڵاوكردنەوەی شوێنی VIP لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ كاروباری ئەو كەسانەی دەیانەوێت مامەڵەی ئۆتۆمبێلەكانیان بەخێرایی بۆ بكرێت، دەنگی ناڕەزایی بڵاو بووەوە و پارێزەرێكیش دەڵێت ئەمڕۆ سكاڵامان تۆمار كرد و داخرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم، ئاسۆ هاشم پارێز لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێوەی فەرمی بەشی VIPـیەكەی هەولێر داخرا و لە سەعات 11 ڕادەگەیەنرێت.

ئەو پارێزەرە گوتی كردنەوەی ئەو بەشە جیاكاری دروست دەكرد لە نێوان هاووڵاتییان بۆیە هانامان بۆ دادگا برد و بڕیاری داخستن دەرچوو و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕادەگەیەنرێت.

هاوكات شەوی ڕابردوو دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە بەیانێكی ناڕەزایی ئەوەی ئاشكرا كرد كە كردنەوەی شوێنی vip بۆ كاروباری هاووڵاتییان پێچەوانەی یاسایە و پێویستە ڕابگیرێت.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشكرای كردووە، كردنەوەی ئەو شوێنە جیاكاری دروست دەكات لەناو هاووڵاتییان و نابێت كارێكی لەو شێوەیە بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕۆژی چواری كانوونی یەكەم بڵاوی كردەوە كە ئێستە لە هاتوچۆی هەولێر شوێنێكی نوێ‌ كراوەتەوە بۆ كاروباری هاووڵاتییان كە بڕی 100 هەزار دینار زیاتر دەدەیت تا كارەكانت بەخێرایی ڕایی بكرێت.



وشە - رامیار جەواد