عێراق بە پڕۆژەیەك دەیەوێت خۆی لە كڕینی گازی ئێران رزگار بكات

:: PM:12:09:06/12/2018 ‌

عێراق بە ئامانجی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و رزگاربوونی لە كڕینی گازی ئێران، وەبەرهێنان لە كێڵگەی گازی مەنسووریە لە پارێزگای دیالە و چەند كێڵگەیەكی تر دەكات.

حامد زەوبەعی جێگری وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، ئامانجیان ئەوەیە تا ساڵی 2030 بتوانن بە بەرهەمهێنانی دوو ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بگەن و ئەمەش پێداویستی سەرجەم وێستگەكانی كارەبای عێراق بە گازی سروشتی دابین دەكات.

وەك "ئیرنا" ئاماژەی پێ كردووە ئەو بەرپرسە دەیخاتەڕوو پارێزگاكانی دیالە و ئەنبار دەوڵەمەندن بە گازی سروشتی و لەو دوو پارێزگایەوە پێداویستییەكە دابین دەكەن.

پڕۆژەیەك كە وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە جێبەجێكردنی كردووە، بریتییە لە وەبەرهێنان لە دوو كێڵگە كە یەكێكیان مەنسووریەیە و تا چوار ساڵی تر بە بەرهەمهێنانی 300 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بگەن. هاوكات لە كێڵگەی عەكازی پارێزگای ئەنباریش هەمان هەنگاو دەگیرێتە بەر.

بۆ ئەو مەبەستە عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆری گرێبەستی كردووە و ئامانجیەتی بەرهەمی رۆژانەی گازی سروشتی بگەیەنێتە 400 ملیۆن مەتر سێجا.

پێویستە بگوترێت هەر ئێستە عێراق وێڕای هاوردەكردنی گاز بەشی پێداویستی سووتەمەنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا، لە ئێرانەوە هەزار و 200 مێگاوات كارەبا دەكڕێت. 



وشە - سلێمان تاشان