شاندی پارتی بەرنامەیەک بۆ سەردانکردنی لایەنەكان دادەنێت

:: PM:12:26:06/12/2018 ‌
بڕیارە شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی سەردانی بۆلای ئەو لایەنە سیاسییانە دابنێت كە ئارەزووی خۆیان نیشان داوە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە شاندی دانوستانكاری پارتی ئەمڕۆ كۆ ببێتەوە بەمەبەستی دانانی بەرنامەیەك بۆ سەردانیی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە ئارەزووی خۆیان نیشان داوە بەشداری لە حكوومەت بكەن.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە هێمن هەورامی ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

ڕۆژی دووشەم سێی كانوونی یەكەم، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لیژنەی دانوستانی پارتیی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە.

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەریەك لە ئازاد بەرواری و هۆشیار زێباری و هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمنیكی و مەحموود محەمەد و فرسەت سۆفی لەو لیژنەیەدان كە سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكەن بۆ گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئاشكرای كرد، ئەو لیژنەیە بۆ قۆناغی سەرەتای دانوستانەكان و هەركات پێویست بكات گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، ئەندامی تری بۆ زیاد دەكرێت و لیژنەیەكی تریش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێك دەهێنرێت.






وشە - رامیار جەواد