تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ دوو ساڵ درێژ دەكرێتەوە

:: PM:12:28:06/12/2018 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بەپێی پڕۆژەیەكی وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی حكوومەت كراوە، داوا كراوە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە.

بەپێی‌ یاسای‌ ژمارە 3ی‌ ساڵی‌ 2009ی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان، دەبێت لە ماوەی‌ 90 رۆژدا لەدوای‌ كۆتاهاتنی‌ وادەی‌ چوارەمین ساڵی‌ كاری‌ ئەنجوومەنەكان، هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان بكرێت، واتا دەبوو لە ئەیلوولی‌ ئەمساڵ هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت. 
كەنعان خەیلانی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ لە ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند: ئەنجوومەنی‌ وەزیران داوای‌ لە پارێزگاكان و سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان كردووە، گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان بكرێت، گفتوگۆكان بۆ مانەوە یا هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەنجوومەنەكان دەبێت، بەڵام تائێستە كاتی‌ ئەو گفتوگۆیە دیاری نەكراوە.

خەیلانی گوتی "وەزارەتی‌ ناوخۆ پڕۆژەیەكی‌ بۆ درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان ئامادە كردووە و دەیداتە حكوومەت و بەپێی‌ پڕۆژەكە تەمەنی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگاكان بۆ ماوەی‌ دوو ساڵ درێژ دەكرێتەوە".

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، "ئێستە ئەنجوومەنەكان لە بۆشایی‌ یاساییدان و ناتوانن لێپرسینەوە بكەن و ئەمەش لەڕووی‌ یاساییەوە كێشەی‌ بۆ دروست كردووین".

هاوكات سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشه"‌ گوتی: "ئەركی حكوومەتە بڕیار لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بدات".

سلێمانی /هەستیار



وشە - سلێمان تاشان