بە بڕیاری سەرۆك بارزانی بەشی VIPـی داخرا

:: PM:01:12:06/12/2018 ‌
دوای كردنەوەی بەشی VIP ئەمڕۆ بە بڕیاری سەرۆك بارزانی ئەو بەشە داخرا، ئەوەیش دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم، لاپەڕەی فەرمی سەرۆك بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی بەشی VIP لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دادەخرێت.

ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی لە كاتێكدایە دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەكی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروست بوو دژی كردنەوەی ئەو بەشە.

ئەمڕۆ ئاسۆ هاشم پارێز لە شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێوەی فەرمی بەشی VIPـیەكەی هەولێر داخرا و لە سەعات 11 ڕادەگەیەنرێت.

ئەو پارێزەرە گوتی كردنەوەی ئەو بەشە جیاكاری دروست دەكرد لە نێوان هاووڵاتییان، بۆیە هانامان بۆ دادگا برد و بڕیاری داخستنی دەرچوو و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕادەگەیەنرێت.

هاوكات شەوی ڕابردوو دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە بەیانێكی ناڕەزایی ئەوەی ئاشكرا كرد كە كردنەوەی شوێنی vip بۆ كاروباری هاووڵاتییان پێچەوانەی یاسایە و پێویستە ڕابگیرێت.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشكرای كردووە، كردنەوەی ئەو شوێنە جیاكاری دروست دەكات لەناو هاووڵاتییان و نابێت كارێكی لەو شێوەیە بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕۆژی چواری كانوونی یەكەم بڵاوی كردەوە كە ئێستە لە هاتوچۆی هەولێر شوێنێكی نوێ‌ كراوەتەوە بۆ كاروباری هاووڵاتییان كە بڕی 100 هەزار دینار زیاتر دەدەیت تا كارەكانت بەخێرایی ڕایی بكرێت.



وشە - رامیار جەواد