ئەوروپا جەنگی دژ بە مافیا راگەیاند

:: PM:01:41:06/12/2018 ‌
لە ئۆپراسیۆنێكدا پۆلیسی ئەوروپی سێ مافیای گرووپی ندرانگیتای ئیتاڵی دەگرن، تا ئێستەش زیاتر لە 90 مافیا گیراون و سێ تۆن كۆكایین و 140 كیلۆگرام حەب دەستیان بەسەردا گیراوە.

پۆلیسی هاوبەشی ئەوروپی ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان دژ بە گرووپە مافیاكان لە ئەوروپا راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، سێ مافیای ئیتاڵی گرووپی ندرانگیتایان گرت.

ئۆپراسیۆنەكە كە سەتان پۆلیسی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و بەلجیكا بەشداریان تێیدا كردووە، تا ئێستە سێ تۆن كۆكایین و 140 كیلۆگرام حەب دەستی بەسەردا گیراوە، هاوكات هەڵیان كوتاوەتە سەر چەندان خواردنگە و دووكانی فرۆشتنی ئایس كرێم لە ئیتاڵیا كە تۆمەتی شووشتنەوەی پارەیان لەسەر هەیە.

بەرپرسانی پۆلیسی ئەوروپی دەڵێن ملیاران یۆرۆ ساڵانە لە كیشوەری ئەوروپی لە شووشتنەوەی پارە بەكار دەهێنرێن لە رێی چالاكی بازرگانی، هێمای بۆ هەڵكوتانە سەر ماڵی چەندان گەورە سەركردەی مافیا لەو چوار وڵاتە كردووە كە بەشێكیان سەركردەی گرووپی مافیای ندرانگیتای ئیتاڵی ناسراون و پۆلیس گرتوونی.

ئاژانسی یۆرۆجست كە ئاژانسێكی ئەوروپییە و سەرپەرشتی هاوئاهەنگی لە نێوان دەزگای دادوەری نیشتمانی لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات، دەڵێ ئۆپراسیۆنە تەناهییەكە كە بە بۆلینۆ ناسراوە لە ساڵی 2016 دەستی پێ كردووە. 

جێی باسە گرووپی مافیایی ندرانگیتا لە ناوچەی كالابریای باشووری ئیتاڵیا، بە یەكێك لە مەترسیدارترین گرووپی مافیا دەناسرێت، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو گرووپە سەرپەرشتی 80%ی بازرگانی كۆكایین لە ئەوروپا دەكات و شەش هەزار ئەندامی هەیە و بەهێزترین گرووپی مافیایە لە ئەوروپا كە لە پشتەوەی زۆرینەی تاوانەكانن.

پۆلیسی ئەوروپی دەڵێ ئەوە روونە كە بەو ئۆپراسیۆنەی تا ئێستە ئەنجام دراوە، نەتوانراوە گرووپی ندرانگیتا لەناو ببەین، ئەوان زۆر بەهێز و دەوڵەمەندن.

پێوەند بەو پرسە رۆژنامەی دێر شپیگلی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەو ئۆپراسیۆنەی پۆلیسی ئەوروپی دەستی پێ كردووە لە ئەڵمانیا زیاتر ناوچەی راین كە دەكەوێتە باكوری ئەڵمانیا و ناوچەی فیستڤالیا كە جەرگەی مافیاكانن، لە ئۆپراسیۆنەكەش 240 پۆلیس بەشدارییان تێدا كردووە.

هاوكات كەناڵی ئێن ئۆ ئێس-ی هۆڵەندی بڵاوی كردەوە كە مافیای ندرانگیتا بەوە ناسراون كە دەستیان بەسەر بەشێكی گەورەی دزە پێكردنی كۆكایین گرتووە كە دێتە ناو هۆڵەندا، هاوكات پۆلیسی بەلجیكی رای گەیاند پۆلیس دەستی بە ئۆپراسیۆن كردووە لە ناوچەی لیمبۆرگ.

راگەیاندنی ئۆپراسیۆنەكە رۆژێك پاش ئەوە دێت كە پۆلیسی ئیتاڵی گرتنی سیتمۆ مینیۆ باوكی رۆحی نوێی مافیاكانی ئیتاڵیا راگەیاند، مینیۆ كە تەمەنی 80 ساڵە، لە جێی توتۆ ریینا دەستنیشان كرا دوای مردنی لە گرتووخانە لە ساڵی رابردوو، بەڵام پۆلیس لە ئۆپراسیۆنێكدا كە بەرەبەیانی زووی دوێنێ ئەنجامی دا، ناوبراویان گرتووە، لەگەڵیدا 45 كەسی تریش گیراون.

ماتیۆ سالفینی وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا دەڵێت سەركردایەتی تەواوی تۆڕی كوزا نوسترا گیراون.

جێی باسە گرووپە مافیاكان لە ئەوروپا دەستێكی باڵایان هەیە بەتایبەت لە ئیتاڵیا و هۆڵەندا كە بە ئاشكرا كۆكایین و مادەی هۆشبەر دەفرۆشن، ئەم هەڵمەت و ئۆپراسیۆنەش یەكەم و دوا ئۆپراسیۆن نابێت دژ بە گرووپە مافیاكان، بەڵام پێشتر وڵاتانی ئەوروپی وەها هەڵمەتێكی هاوبەشیان دژ بە گرووپە مافیاكان ئەنجام نەداوە.



وشە - فه‌رمان سادق