خوێندنى باڵا توێژه‌رى ساڵ دیار ده‌كات

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند، بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌می داهاتوو له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باشترین 10 توێژه‌ری ساڵ دیار بكات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م شه‌شى كانوونى یه‌كه‌م، عه‌باس ئه‌كره‌م گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئێسته‌ تیمه‌كانی ڕیزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان سه‌رقاڵی دیاركردنی باشترین ئه‌و توێژه‌رانه‌ن كه‌ توێژینه‌وه‌كانیان له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌ ئاست به‌رزه‌كانی دنیا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌؟

زیاتر گوتى، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پشت به‌و داتایانه‌ ده‌به‌سترێت كه‌ زانكۆكان له‌ڕێی ڕیزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانه‌وه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكرای كرد، پێوه‌ره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و گۆڤارانه‌ دیار ده‌كرێـت كه‌ ئاستیان به‌رزه‌ و فاكته‌ری كاریگه‌ریان هه‌یه‌، دواتریش ئه‌و توێژه‌رانه‌ی كه‌ زۆرترین فاكته‌ری كاریگه‌ر كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بنه‌ 10 باشترین توێژه‌رانی ساڵ بۆ ساڵی 2018.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ریزبه‌ندى زانكۆكانى كوردستانى ڕاگه‌یاند و هیچ زانكۆیه‌ك له‌ كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌مدا نه‌بوو، دواتر ئه‌و پۆلێنكردنه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ناڕه‌زایی لێ كه‌وته‌وه‌ و به‌شێك له‌ زانكۆكان ڕه‌تیان كرده‌وه‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:02:55:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌