شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا له 2003 جیا له تێكشكاندنی ڕژێمێكی دیكتاتۆری دواكه‌وتوو، بۆ چنگخستنی شوێنی جیۆگرافی ستراتیجی عێراقه كه ده‌ڕوانێته سه‌ر باشوور و باكور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و نه‌وتێكی زۆر و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی زۆر بۆ واشنتن ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ ئێران له یاری و ململانێیه‌كی دوور و درێژدان، به‌ڵام ئه‌نجام بۆ هیچ لایه‌ك ڕوون نییه و دیار نییه كێ سه‌رده‌كه‌وێت.
پێگه‌ی "
Bay street"ی كه‌نه‌دی ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، عێراق دووه‌م گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كاری نه‌وت له ڕێكخراوی ئۆپێك و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین وڵاتان كه كاڵا و بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات، بێ هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی له نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌سته‌مه واشنتن بتوانێ ئامانجه‌كانی له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بپێكێت.
واشنتن ماوه‌ی 45 ڕۆژی بۆ به‌غدا داناوه، تا پابه‌ندی سزاكانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران بێ، به‌ڵام ئه‌سته‌مه به‌غدا هیچ بڕیارێك له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا بدات، چونكه تا ئێسته‌یش گاز بۆ سووته‌مه‌نی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له ئێرانه‌وه وه‌ده‌گرێ، هاوینی ئه‌مساڵ ته‌نیا به‌هۆی دواكه‌وتنی پاره‌ی گاز كه پێویست بوو به‌غدا بۆ تارانی بنێرێ، ماوه‌یه‌ك هه‌نارده‌ی گازی بۆ عێراق ڕاگرت، ئه‌مه‌یش شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایه‌تی لێ كه‌وته‌وه و كه تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ ماوه.
عێراق به ته‌نیا پشت به ئێران نابه‌ستێ، چونكه به‌بێ ئه‌مه‌ریكایش ناتوانێ له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی بوه‌ستێ و بمێنێته‌وه، بۆیه له كاتی شه‌ڕی دژی تیرۆر هه‌ردوولا هاوكاری گه‌وره‌یان پێشكه‌شی عێراق كرد، ئێرانیش ده‌یه‌وێ دوژمنكاری زیاتری ئه‌مه‌ریكا بكات، چونكه له‌و بڕوایه‌دایه هه‌رچه‌ند دوژمنكاری زیاتر بنوێنێ، عێراق خێراتر نزیك ده‌بێته‌وه له تاران و ڕووی ئه‌مه‌ریكایان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
واشنتن له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌ستی به یاری دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له ئێران كرد، كه چه‌ند ساڵێكه ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه، زۆرێك له عێراقییه‌كانی باشووریش له ئێران ڕازی نین، به‌ڵام ده‌بێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، چونكه به‌غدا پێویستی به پشتیوانی سیاسییه، هاوكات ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته سه‌ر ڕێی بووژانه‌وه و پێشكه‌وتن.
ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداوی هان دا تا له به‌غدا نزیك ببنه‌وه و ئه‌و پشتیوانییه هه‌رێمییه‌ی پێویستییه‌تی بۆی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام پرسه‌كه جیا له سیاسی پێوه‌سته به ئابوورییه‌وه‌یش، ئێسته ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ ڕێ له پلانه‌كانی ئۆپێك بگرێ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌وت له بازاڕه‌كانی دنیا و زیادكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ ئه‌مه‌یش ئه‌مه‌ریكا چاوی له عێراقه، به‌ڵام عێراق له دۆخێكی خراپدایه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌نارده‌ی نه‌وت كه‌م ناكاته‌وه.
بریان سولیڤان شرۆڤه‌كار له كه‌ناڵی سی ئێن بی سی گوتی، دۆخێكی هاوشێوه له نێوان قه‌ته‌ڕ و عێراق هه‌یه له پرسی كشانه‌وه و مانه‌وه له ئۆپێك قه‌ته‌ڕ كشایه‌وه، به‌ڵام عێراق هێشتا بڕیاری نه‌داوه، بۆیه ئه‌گه‌ر عێراقیش هاوشێوه‌ی قه‌ته‌ڕ هه‌نگاو بنێ، ئه‌وا نرخی نه‌وت نزمترین ده‌بێته‌وه و نه‌وتی خام له بازاڕه‌كانی دنیا به زۆری ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش ئامانجی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌دی ده‌هێنێت.
یاری ئه‌مه‌ریكا و ئێران له عێراق درێژه و سه‌ركه‌وتنی ئه‌مه‌ریكایش مسۆگه‌ر نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه له نێوان ئێران و عێراق ڕووی دا، به‌ڵام تا ئێسته‌یش ئه‌وان دراوسێن و تێكه‌ڵاویان له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌یه. به هه‌ر جۆرێك بێ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له دنیا بمێنێته‌وه، چونكه شوێنێكی ستراتیجی هه‌یه له ناوچه‌كه و له‌لایه‌كه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌ر كه‌نداو و له باكوره‌وه‌یش ده‌توانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر توركیا و ئێران و سووریا و وڵاتانی تری نزیك له ئاسیای ناوه‌ڕاست دابنێت، بۆیه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌یش عێراق گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆری بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و ئه‌مانه وایانكردووه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌توانێ ده‌سبه‌رداری به‌غدا ببێت.
زاڵبوونی دین به‌سه‌ر هه‌ستی خه‌ڵك گرفتێكی یه‌كجار گه‌وره بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا دروست ده‌كات و تا ئێسته و له داهاتوویش به‌رده‌وامی ده‌بێ، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه خاڵی به‌هێزی ئێرانه و زیاتر په‌ره‌ی پێ ده‌دات، دۆخه‌كه نازانرێ به كوێ ده‌گات، به‌ڵام واشنتن به‌هه‌ر نرخێك بێ عێراق و نه‌وت و شوێنه ستراتیجییه‌كه‌ی ده‌وێ و ده‌سبه‌رداری نابێ، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێ كات ڕووداوه‌كان هێنده خێران و هیچی له ده‌ست نایه‌ت تا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابنێت، به‌ڵام به گشتی دۆخی ناوخۆی عێراقیش به‌رده‌وام له ئاڵۆزیدایه، به‌هۆی ئه‌و یاریی و ململانێیه‌ی له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران له ئارادایه.