زانایەكی ئەزهەر: سێكس لە بەهەشت نییە

:: PM:04:13:08/12/2018 ‌

پرسی هەبوونی سێكس لە بەهەشت یەكێك لە تەوەرەكانی نوێبوونەوەی ئاین بوو لە كۆنگرەی ساڵانەی زانایانی ئەزهەر، كاتێك ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ئەزهەر ئاماژەی دا كە سێكس نییە، ئەو پرسە نەك هەر زانایانی ئەزهەری كردە دوو بەشەوە، بەڵكو دنیای ئیسلامی هەر هەمووی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە و بەشێك بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێن خەڵك راهاتووە بچێتە بەهەشت هەر خەریكی سێكس بێت، ئێستەش جوندی دەڵێ سێكس لەوێ نییە!
 
لە دوو رۆژی رابردوودا كۆنگرەی ساڵانەی ئەزهەر لە میسر بەڕێوە چوو، یەكێك لە تەوەرەكان پرسی هەبوونی سێكس بوو لە ئەزهەر كە ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی ورووژاندی، بەمەش مشتومڕی زۆری لە ناو ئەزهەر خۆی و ناوەندە ئیسلامییەكان و میدیا و سۆشیال میدیا لە دنیای ئیسلامی لێ كەوتووەتەوە و بووەتە پرسی رۆژەڤ.

خالید جوندی بانگخواز و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی لە ئەزهەر لە توێژینەوەیەكیدا كە لە كۆنگرەی ساڵانەی ئاینی ئیسلامی لە زانكۆی ئەزهەر بەڕێوە چوو لە ژێر ناونیشانی نوێكردنەوەی ئاین، تێیدا دووپاتی لەوە كردەوە كە شتێك نییە بەناوی پێوەندی سێكسی لەناو بەهەشت بەو جۆرەی مرۆڤەكان لە دنیادا رۆژانە پێڕەوی لێ دەكەن، ئەمەش رووبەڕووی شەپۆلێكی توندی دژ بووەوە چ لەناو ئەندامانی كۆنگرەی ئەزهەر خۆیان، یان زانایانی دنیای ئیسلامی و بەركاهێنەرانی سۆشیال میدیا بە تایبەت لە وڵاتە ئیسلامییەكان.

ورووژاندنی ئەو پرسە هەستیارە لەلایەن جوندی لە كاتێكدایە زۆرینەی رەوتە توندڕۆكانی ئیسلامی كە ئاین بەكار دەهێنن بۆ ئەنجامدانی ئەجێندای سیاسیی خۆیان، زۆرجاریش ئەندامانی خۆیان جۆش دەدەن بۆ خۆتەقاندنەوە و گەیشتن بە 72 حۆری و پرسی حەز و ئارەزووە سێكسییەكانیان دەكەن بە پاساوێك بۆ خۆتەقاندەوە كە بەرگ و رەوایەتی شەهیدی پێ دەدەن.

جگە لەو رەوتە توندڕۆیانە، زانایانی ئیسلامی هەمیشە لە گوتارەكانیان باس لە ئارەزووە سێكسییەكانی مرۆڤەكان و مژدەی 72 حۆری دەدەن بە بەندەكانی خودا، بۆیە باسكردن لەوەی سێكس لە بەهەشت نییە ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا دەرگا بە رووی پووچەڵكردنەوەی هەبوونی 72 حۆریش بهێنێت كاتێك سەلمێنرا سێكس لە بەهەشت نییە.

رەمەزان عەبدولڕەزاق زانای ئاینی لە ئەزهەر دەڵێ لە بەهەشت خۆشی و چێژ وەرگرتنێكی نەبڕاوەی بێ ئازار هەیە، بەو مانایەی ئێمە لە دنیادا كاتێك نان دەخۆین بۆ ئەوەیە ئازاری برسیەتیمان نەمێنێت، كاتێك سێكس دەكەین بۆ تێركردنی ئارەزووە سێكسییەكانمانە، بۆیە رەتی قسەكانی جوندی كردەوە كە سێكس لە بەهەشت نییە، گوتی "سێكس لە بەهەشت هەیە، بەڵام پرۆسەكە چۆنە، كەسمان نایزانین جگە لە خودا نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو سێكسە نییە كە مرۆڤ لەسەر دنیا ئەنجامی دەدات".
 
رەمەزان عەفیفی یەكێكی ترە لە زاناكانی ئەزهەر، ئاماژەی بەوە دا كە خودا سێ ماڵی بۆ مرۆڤەكان دروست كردووە، ئەوانیش دنیا و بەهەشت و دۆزەخ، هەر یەكێكیشیان پێوەری تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەی لێرەدا ئاشكرایە ژیانی دنیایە كە مرۆڤەكان بە كردەیی پێیدا دەڕۆن، بەڵام هەرچی دۆزەخ و بەهەشتە كەس نازانێت جگە لەوەی خودا لە كتێبەكەیدا كە قورئانە بۆ مرۆڤەكان باسی كردووە.

گوتی "خودا لە قورئاندا دەڵێ ئاگر لە دۆزەخ هەیە، بەڵام لە باسی بەهەشت باس لە خۆشی و چێژ وەرگرتن دەكات بێ ئەوەی باسی وردەكارییەكەی كردبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەوەی دنیا جیاوازترە".

عەلی مەحفووز زانایەكی تری ئەزهەرە، لەسەر ئەو پرسە هاوڕای حەفیفی بوو، هێمای بۆ ئەوە كرد كە خودا دەفەرمووێ میوە و خواردنەوە كحوولییەكان لە بەهەشت هەن، بەڵام لەوەی سەر زەوی ناچێت، گوتی "تا نەچین بۆ بەهەشت نازانین چی لەوێ هەیە".

لە بەرانبەر بۆچوونی بەشێك لە زانایانی ئەزهەر، جوندی ئاماژەی بەوە دا كە نیگەرانە لە بۆچوونی زانایانی ئەزهەر، زۆرینەیان رێگرن لە بەردەم نوێكردنەوە و پێشخستنی ئاین و گوتاری ئاینی.

ئەو پرسە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، یەكێك دەڵێ ئەگەر مرۆڤەكان لە بەهەشت ئەندامی زاوزێیان نەبێت وەك ئەوەی لەسەر زەوی هەیانە، ئەوا رەنگە سێكس لە رێی لووتەوە بكەن.

بۆچوونەكانی سۆشیال میدیا بەشێكیان وەك گاڵتەجاڕی وایە، یەكێك لە تویتێكدا دەڵێ چ جیاوازییەك هەیە ئەگەر لە بەهەشت سێكس نەبێت، ئایا لە دنیا قەرەبووی دەكەینەوە؟
 
وەلید كازم سەید محەمەد دەنووسێ جوندی هەوڵەكانی خۆی بە فیڕۆ داوە بۆ بەرگریكردن لە ئەهلی سوننە و جەماعەت كاتێك باسی سێكسی كرد، چونكە بەهەشت بەو جۆرەی لێی تێگەیشتووین راپەڕینە بۆ هەوڵدان و گەیشتن بە ئارەزووە سێكسییەكان.

بەشێك لەوانەی لە سۆشیال میدیا لەسەر ئەو پرسە بابەتیان نووسیوە، زۆرینەیان داوای بەڵگە لە جوندی دەكەن، لە بەرانبەردا كەسێك بە ناوی هێرۆ هاشمی دەڵێ روانین لە رووكەشی گوتارێك هیچ سوودی نییە تا لێی نزیك نەبیتەوە، بەڵام نزیكبوونەكە چییە؟


بەڵام دواتر جوندی خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ، سێكس یەكەم تاوانێكە كە مرۆڤەكان ئەنجامی دەدەن و ئەوەیش هۆكاری دەركردنی پەیامبەری خودا ئادەم و حەوا بووە لە بەهەشت، بۆیە دەتوانین ئەوە بە بەڵگە وەرگرین كە بەهەشت سێكسی تێدا ناكرێت و لێی نییە.

هاوكات مەحموود بەدر پەرلەمانتاری میسری دەنووسێ كێشەی جوندی ئەوەیە كە ئەو پرسە هەستیارەی لە بەردەم هەزاران مامۆستای ئاینی كردووەتەوە و باسی لێوە كردووە، ئەوانی تووشی شۆكێكی گەورە كردووە لەو خەون و خەیاڵاتەی ساڵانی برادوو تێیدا ژیاون و كاریان بۆی كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو تەنیا شۆك بوونەكە نییە تەنانەت هیچ سزایەك لەناو قەبریش نییە وەك ئەوەی لە مناڵییەوە مێشكی خەڵكیان پێی كاس كردووە، تەنانەت ئەو رەجمكردنەش نییە كە شێخ ئەبو زەهرە باسی دەكات.

هاوكات خالید مونتەسر بیرمەندی عەرەبی رەخنەی توند لەو كەسانە دەگرێت كە بەناوی نوێكردنەوەی ئاین قسە دەكەن، دەڵێ ئەو نوێكردنەوەی گوتاری ئاینییە مێشكی داخستوون، بۆ خۆتان لە گیرفانتان دەرتانهێناوە، هەر كەسێك لەوە زیاتر كاری لەسەر بكات بە ناوی نوێكردنەوە پێتان دەڵێ بڕۆنە ئەولاوە نە خواردنەوەی كحوولی لە بەهەشت هەیە نە حۆر عەین و نە دەزگای زاوزێ لە مرۆڤەكان.. جارێكی تر بیخوێنەوە و دیسان ئاینەكە نوێ بكەنەوە!

باسكردنی هەبوون یان نەبوونی سێكس لە بەهەشت، لە كاتێكدا ئەو پرسە دیارترین پرسێكە لە دنیای ئیسلامی، هەمزە یەكێكە لەوانەی تویتی لەسەر ئەو پرسە كردووە بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێ خەڵك راهاتووە بچێتە بەهەشت هەر خەریكی سێكس بێت، ئێستەش جوندی دەڵێ سێكس لەوێ نییە!



وشە - فه‌رمان سادق