سێ ساڵە هاوسەرەكەی جێی هێشتووە و پیاوانیش وازی لێ ناهێنن

:: PM:11:49:08/12/2018 ‌

ژنێك لە هەولێر لەگەڵ كوڕە چوار ساڵەكەیدا ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە چاوەڕوانی هاوسەرەكەیەتی و نازانێت دەبێت چەندی تر لە چاوەڕوانیدا بمێنێتەوە، ئەوكاتەی ئامانج دەڕوات بۆ دەرەوەی وڵات كورەكەی تەمەنی كەمتر بووە لە سالیك، پێی گوتووە ماوەی كەمتر لە ساڵیك ئیقامە وەردەگرێت و ئەو ساڵە دەبێت بە سێ و ئەو ژن و منداڵە هەر چاوەڕوانی گەڕانەوە  یان رۆیشتی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەو پیاوە هەر جارەو بیانوویەك بۆ بردنیان و نەگەڕانەوەی دێنێتەوە.

تریسكە ماوەی نزیكەی پێنج ساڵە هاوسەرگیری كردووە، دەڵێت بە خۆشەویستی بووە و پێشتر دوو ساڵ پێوەدنیان هەبووە، دوای هاوسەرگیری و لەدایكبوونی كورەكەیان بەهۆی زەرەركردنی هاوسەرەكەی لەو كارەی كە كردوویەتی، بڕیاری داوە هەموو شتێك بفرۆشێت و بچنە دەروەی وڵات، ئامانجی هاوسەری دەڕوات و دەڵیت، ئێوەیش دوای خۆم دەبەم و ئەگەر نەشتوانم ئەو كارە بكەم خۆم دێمەوە، تروسكە بۆ "وشە" باس لە ژیانی خۆی و كوڕەكەی دەكات و دەڵێت، ئەگەر هەموو نەهامەتییەكانی بەخێوكردنی منداڵێك بێ باوك و قسەی كۆمەڵگاو ژیان وەك بێوەژنێك و قسەی خانەوەدای خۆم و مێردەكەم بخەمە پشت گوێم، دەمەوێ پیاوێك لە دونیا بە مێردەكەشمەوە وەڵامی یەك پرسیارم بداتەوە پێم بڵێت، ئەگەر من سەفەرم بكردایە و سێ ساڵ لە ئامانج دووربوومایە ئەو چی دەكرد؟.

هاوسەرەكەی تریسكە پێش بڕوات خانوو ئۆتۆمبێلكەی دەفرۆشێت و بە رێگەی فەرمی دەڕوات بۆ ئەوروپا و لەوێوە دەچێت بۆ كەندا، تریسكە دەڵیت نە خانوو و نە ئۆتۆمبێل نە پارە هیچی نەهێشت و رۆیشت، منیش بە منداڵێكی نۆ مانگییەوە چوومەوە ماڵی باوكم، ماوەیەك لەوێ ماوەیەك لە ماڵی باوكی ئەو دەبووم، سەرەتا دڵخۆشبووم هەستێكی ژنانەی خۆشبوو وامدەزانی لە پێناو خێزانەكەم قوربانی دەدەم، بەڵام ئێستە دەزانم ئەوەی من كردووەمە كارێكی پێچەوانەی مرۆڤایەتییە نەك ژنانە و بەشێكە لە فەوتاندنی خۆم و زوڵمێكە لە كوڕیكەم.

دوای ساڵێك ئامانج ئیقامە وەردەگرێت، دوو ساڵە بە خێزانەكەی دەڵێت، پارێزەری گرتووە و لە زووترین كات دەیان بات، تریسكەی گومانی ئەوەی پێدەبات لەوێ هاوسەرگری كردبێت یان هاوڕیی هەبێت و لەگەڵ هاوڕیكەی بژیت، ئەوەیش ڕوون دەكاتەوە كە چەندجارێك ئەو قسانەنی ڕوو بە ڕووی هاوسەرەكەی كردووەتەوە، بەڵام ئەو نكووڵی دەكات و دەڵیت، قەرزاری دەكاتەوە و دەڵیت من لێرە هەموو شتێك دەكەم بۆ ئەوەی ئێوە ببەم، تۆیش گومانی خراپم پێدەبەی.

تریسكە باس لە بەخێوكرنی كوڕەكەی دەكات لە دووری باوكییەوە و دەڵی، زۆر قوڕسترە لەوەی بە چەن دێرێك دەرببڕدرێت، ماوەی ساڵێك لە نێوان كەشوهەوای جیاوازی پەروەردەی دوو خێزان ژیا، ماڵی باوكم و باوكی ئامانج، دوای ئەو ساڵە باوكم شوقەیەكی لە نزیك ماڵی خۆیان بۆ بەكرێ گرتم، لەناو مالێكی چۆڵ منداڵێكی دوو ساڵم بەخێو دەكرد كە بەس لە كامیرای مۆبایلەكەمەوە باوكی دەبینی نەخۆش دەكەوێت لە نیوەی شەوان دەبێت هانا بۆ دراوسێ ببەم و بیبەم بۆ نەخۆشخانە، شەونخوونی دەكێشم و بەیانیان باوكی لەوپەڕی دنایەوە بە نامەیەكی دەنگی ساردەوە دەڵی، ئەگەر دایكی باش بێت كوڕەكەت نەخۆش نابێت، ترسم لەوەیە كوڕەكەم گەورە دەبێت و پێویستی بە باوكی دەبێت، نازانم ئیتر دەبێت چی پێبڵێم و چۆن وەڵامی پرسیارەكانی بدەمەوە، زۆر روونتر بڵێم دەترسم گەورەبێت و پێم بڵێ من ژنێكی خراپم، بۆیە ئەوەم قبووڵ بووە بەبێ باوك گەوەرەی بكەم.

لە كۆمەڵگەیەكدا دەژیم زۆربەی نێرەكانی بە خزم و كەسەكانی خۆشمەوە، چاویان بڕیووەتە ئەوەی تۆزێك چێژ لە لەش و باڵای بەرز و دەموچاوی پڕ لە چاوەڕوانیم بۆ مێرد و خۆشەویستە كۆنەكەم وەربگرن، نازانم لەو هەموو چاو و زمانە دەگەم بەكوێ، كاتێك بە هاوسەرەكەم دەڵێم پێویستە لەلام بیت بۆ ئەوەی بتوانم بژیم دەڵێ، ژنی بە شەڕەف دەبێت تەحەموولی هەبێت، بێ ئاگا لەوەی پێاویش دەبێت بە دەم شەرەفی خۆیەوە بێت.

تریسكە ئێستا ئاخر بڕیاری خستووەتە دەستی هاوسەرەكەی و پێی گوتووە، یان دێتەوە یانیش بەهەر ریگەیەك بێت بە شێوەیەكی رەسمی خۆی و كوڕەكەی دەبات یان ئەوەتا لێی جیادەبێتەوە، هاوسەرەكەیشی ‌هەڕەشەی ئەوەی لێدەكات ئەگەر داوای جیابوونەوە تۆمار بكات ئەوا كوڕەكەی لێ دەستێنێت و بە هەر جۆرێك بێت دەیبات و ناهێلێت قەت بیبینێتەوە، لە نێوان ترسی لەدەستدانی كوڕەكەی و چاوتێبڕینی هەموو ئەو نێرانەی دەوروبەریدا تریسكە دەڵێت، نازانم چی دەكەم و بە كوێ دەگەم.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل